Sarmand Hameed
14 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2021
ههولێر-AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە ھیچ كەسێک قبوڵ ناكرێت لەھەر پلە و پۆستێكدا بێت زیادەڕەویی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتیی ئەنجامبدات.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانهوه بڵاوکراوەتەوە، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی كردووە کە تایبەت بووە بە چارەسەركردنی زیادەڕەویی لەسەر موڵک و ماڵی گشتی و داوای لە لیژنەی راسپێردراو كردووە ھەموو توانای خۆیان بەكاربھێنن بۆ رێگریی كردن لە زیادەڕەوی نوێ.
لە كۆبوونەوەكەدا كە لەگەڵ لیژنەی پێكھێنراو بۆ دیاریی كردن و چارەسەر كردنی زیادەڕەوییەكانی سنوری سلێمانی بەڕێوەچووه، قوباد تاڵەبانی، ستایشی ھەنگاوەكانی لیژنەكەی كردووه و جەختی كردووهتهوە كە دەسەڵاتی تەواویان ھەیە بۆ رێگریی كردن و چارەسەركردنی پرسی زیادەڕەوی لە سنووری سلێمانی.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشگهیاندووه: "لە ھیچ كەسێک قبوڵ ناكرێت لەھەر پلە و پۆستێكدا بێت كە زیادەڕۆیی ئەنجامبدات یا رێگر بێت لە راگرتنی زیادەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی گشتیی".
قوباد تاڵەبانی داوای لەو لیژنەیەش كرد كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ پێكھێنراوە، لەماوەیەكی دیاریی كراودا ئەم دۆسییەیە بەتەواوەتی چارەسەر بكەن و ماف بدرێت تەنھا بەخاوەن ماف.