Fakhradin Ibrahim Mohammad
17 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی هێرش بۆسەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندنی ئاڵای کوردستان بە زاڵكردنی هێزی چەكە بەسەر مەنتیقی عەقڵ ناو هێناوە.
تاڵەبانی رایگەیاندووە "سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان كە سیبمولی باڵای گەلەكەمانە و هەروەها هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە شێوازێكی نایاسایی و ناشارستانی جێگای قبوڵکردن نییە و هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق".
لە پەیامەکەی جێگری سەرۆکوەزیراندا هەروەها هاتووە: "بە توندی ئیدانەی ئەم هەنگاوە دەکەم و داواش لە هێزە عێراقییە هاوپەیمان و دۆستەکانمان دەكەین لە بەغدا لەسەر ئەم بێڕێزیکردنە بێنە دەنگ كە پێشێلکردنێکی گەورەی یاسا و دەستور و سیمای فرەجۆری عێراقە و زاڵكردنی هێزی چەكە بەسەر مەنتیقی عەقڵ و دیالۆگدا".
قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەدا داواشی لە هێزەکانی کورد کردووە لەم قۆناغەدا زیاتر لە رابردووە یەکگرتووە بن و دەڵێت: "ئەمە دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورەی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی كورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی سەرمان کە ئەمڕۆ گەلەکەمان لەهەموو کات زیاتر پێویستی بەیەکریزی و تەبایی هەیە".