Abdullah Shukur
27 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2017
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا نومان کورتوڵموش لەبارەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەکاتی سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ تورکیا گوتی: "ئەمە یەکەم جار نییە ئەم ئاڵایە ھەڵدەواسرێت. لە ھەر سەردانێکی بەرێز بارزانی ئەو پەیڕەونامە دیپلۆماسییە ئەنجام دەدرێت. ئاڵای ھەرێمی کوردستان و ئاڵای عێراق و تورکیاش ھەڵواسراوە. لە سەردانەکەی پێشووتری بارزانیش ھەر بەم شێوەیە بووە. ئەم پەیڕەونامەیە گونجاوە لەگەڵ رێساکانی دیپلۆماسی".
کورتوڵموش لەکاتی بەردەوامی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرکردایەتی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە کۆشکی چانقایا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لەبارەی پرسیاری رۆژنامەنووسێک بەوەی کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی پێش سەردانەکەی بۆ تورکیا رایگەیاندووە کە ئەردۆغان سیاسەتمەدارێکی ئازایە و بۆ قۆناغی ئاشتیش پێویستە ھاوسەرۆکی ھەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێ ئایا بارزانی لە سەردانەکەیدا داوایەکی بەم شێوەی لە تورکیا کردووە؟ کورتوڵموش گوتی: " لە سەردانەکەیدا ئەم جۆرە بابەتانە باس نەکراوە. پوختەی سەردانەکەی بارزانی، چاوخشاندنەوە بووە لە ھەماھەنگی تورکیا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. ھاوکات باس لە بەرەنگاربوونەوەی ھاوبەشی دژی رێکخراوەکانی تیرۆریستی کراوە. ئەو بابەتانەی باستان کردووە لە کۆبوونەوەکان تاوتوێی لەسەر نەکراوە".
کورتوڵموش لەبارەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەکاتی سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ تورکیا گوتی: "ئەمە یەکەم جار نییە ئەم ئاڵایە ھەڵدەواسرێت. لە ھەر سەردانێکی بەرێز بارزانی ئەو پەیڕەونامە دیپلۆماسییە ئەنجام دەدرێت. ئاڵای ھەرێمی کوردستان و ئاڵای عێراق و تورکیاش ھەڵواسراوە. لە سەردانەکەی پێشووتری بارزانیش ھەر بەم شێوەیە بووە. ئەم پەیڕەونامەیە گونجاوە لەگەڵ رێساکانی دیپلۆماسی".