Zana Natık Kerem
15 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە لەسەر بڕیاری دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ١٠٨ وێستگەی ھەڵبژاردنەکان دەست پێ کردووە.
ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عیماد جەمیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان بڕیاری دا پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ ژمارەیەک وێستگە ئەنجام بدرێتەوە و گوتی: "بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەیش کۆمیسیۆن پرۆسەکەی دەست پێ کردووە".
عیماد جەمیل باسی لەوەشکردووە، ژمارەی ئەو وێستگانەی کە پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆیان ئەنجام دەدرێتەوە، ١٠٨ وێستگەن و تایبەتن بە بەشی رەسافە رۆژھەڵاتی بەغدا.
رۆژی ھەشتی ئەم مانگە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو تانە و بەڵگانەی کە لە چوارچێوەی پاشکۆی تانەکان لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش کرابوون، کۆتایی ھاتووە و رەوانەی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان کراوە.
دوێنێ یەکشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە چاوەڕوان دەکرێت لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو تانانە تەواو بکات کە لەلایەن ژمارەیەک لایەنی ناڕەزایی لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش کراون.