Rawan Subhi Obaiullah
13 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2024
دھۆک - AA
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دھۆک کە فیستیڤاڵێکی فیلمە و ساڵانە لە شاری دھۆک ڕێکدەخرێت، ئەمساڵ ژمارەیەک ھونەرمەندی کورد و بیانی لە بوارە جیاوازەکان بەشداریان تێدا کردووە.
دەرھێنەرێک بە ناوی فلیپ ئالان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و ڕایگەیاند: "فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی وەکو ئەوەی لە دھۆک ئەنجام دەدرێت گرنگی خۆی ھەیە، بە تایبەت بۆ دەرھێنەرەکان، چونکە تێکەڵبوون و گۆڕینەوەی ئەزموونێکە لە نێوان فیلمسازان و بەرھەمێنەران، ئێمە لە جیھانیکدا دەژین کە بیرکردنەوەی ھەڵە ھەیە، زۆر گرنگە ئێمە باسی چیرۆکەکانی خۆمان لەم جۆرە فیستیڤاڵانەدا بکەین، پێویستە بوار بە دەرھێنەرەکان بڕەخسێنین زیاتر فیلم بەرهەم بهێنن بۆ ئەوەی لە ڕێگای فیلمەوە پەیامەکانیان بگەین".
ساڵانە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دھۆک، چەندین سینەماکار لە دەرەوە و ناوەوەی ھەرێم لە شارەکە کۆدەکاتەوە و دەیان فیلمی کوردی و جیھانیی تیادا نمایش دەکرێن، ئەم فیستیڤاڵە بووەتە پردێک لەنێوان سینەماکارانی ناوخۆ و سینەماکارانی جیھاندا.
ھەلگۆرد سالح کە بەشداری فیستیڤاڵەکەی کردووە، لە لێدوانیکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "خۆشحاڵم کە لەم فیستیڤاڵەم، ئەوە سێ ساڵ دەبێت، بە سێ فیلمی جیاواز بەشدارم، ئەم ساڵ فیلمەکەم فیلمێکی دۆکۆمێنتاریە بە ناوی "سروودی ژێر داربەڕووەکان" فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دھۆک یەکێکە لە فیستیڤاڵە باشەکان لە سەر ئاستی ھەرێم و عێراق، ھەموومان شانازی پێوە دەکەین، پێم خۆشە ئەم جۆڕە فیستیڤاڵانە زیاتر بن بۆ ئاڵۆگۆڕی کلتووری و بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونی بزاڤی ڕەوتی سینەما، ھەموو ئەم فیلمانەی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دھۆک پێشکەش دەکرێت، فیلمی جیاوازن، پێم باشە ئەو فیلمانەی وەردەگیرێن زۆر باش بن، من خۆم لە کاتی نمایشی فیلمێک، تێبینیم ھەبوو، لە ھۆلی نمایشی فیلم ھاتمە دەرەوە، پێم خۆش نییە فیلمێک بەشداری فیستیڤاڵەکە بکرێت کە لە ئاستێکی باشدا نەبێت، چونکە کوالتی فیستیڤاڵەکە دادەبەزێت".
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دھۆک لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دەستی بەکارەکانی کردووە و ساڵانە چەندین فیلم تیایدا بەشدارن و خەڵاتی کۆتاییش بە ژمارەیەک فیلم دەبەخشرێت، بۆ ئەمساڵیش بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داھاتوو ژمارەیەک فیلم خەڵاتی فیستیڤاڵیان پێ ببەخشرێت.
خەلات عسمەت کە وەک بینەرێک سەردانی ئەم فیستیڤاڵەکەی کردووە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ ڕایگەیاند: "فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دھۆک تاوەکو ئێستا بە باشی بەڕێوەدەچێت، ساڵانە تەماشای زۆربەی ھەرە زۆری فیلمەکان دەکەم، ئەم ساڵ ھەندێک فیلم بۆ من خۆش بوو بەڵام ھەندێکیش بە دڵم نەبووە".
دەھەمین فیستیڤاڵی فیلم لە دھۆک، بە بەشداریی ٥٠ فیلمی کوردی و ٦٦ فیلمی بیانی لە ٣٤ وڵاتەوە بەڕێوەچوو، ئەمە لە کاتێکدا کە فیستیڤاڵی نۆهەم ٩٨ فیلم بەشدار بوون.