Azad Mohammed Abdullah
19 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2019
نەینەوا - AA
گوتەبێژى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، عەمید یەحیا رەسوڵ رایگەیاند "لە دوو رۆژى رابردوودا، دوو ئۆپەراسیۆنمان دژبە شانە نوستووەکانى داعش لە سنوورى مووسڵ ئەنجامداوە ئۆپەراسیۆنەکانیش ئامانجی خۆیان پێکاوە".
لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو، عەمید یەحیا رەسوڵ گوتى: "دۆخى ئەمنى پارێزگاى نەینەوا لەژێر کۆنتڕۆڵى هێزە ئەمنییەکانى عێراقدایە و لە سایەى بوونى هێزەکانمان رەوشى ئەمنى جێگیرە و بەردەوام لە چاودێرىکردنى جموجۆلەکانى شانە نوستووەکانى داعشین و رێگە نادەین زیان بە خەڵکى سڤیلى سنوورەکە بگەیەنن".
گوتەبێژى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، عەمید یەحیا رەسوڵ گوتیشى: "بەپێى ئەو زانیارییانەى لە بەردەستى ئێمەدایە وەک فەرماندەیی هاوبەشى عێراق، شانەى نوستووى داعش لە باشوورى مووسڵ و هەروەها لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان عێراق و سووریا هەیە و بە شێوەى گرووپى پێنج کەسى چالاکى تیرۆریستى ئەنجام دەدەن و پشێوى دەنێنەوە ئەمەیشیان بۆ بانگەشە و راگەیاندنەکانیانە لە راستیتدا تواناى هێرشکردنییان نییە".
عەمید یەحیا رەسوڵ ئاماژەى بەوەیشدا کە لە دوێنێ و پێرێ دوو ئۆپەراسیۆنیان دژبە شانە نوستووەکانى داعش ئەنجامداوە و گوتى: "دوێنێ ئۆپەراسیۆنێکمان لە ناوچەى شۆرەى سنوورى پارێزگاى نەینەوا دژبە شانە نوستووەکانى داعش ئەنجامداوە و پێرێش ئۆپەراسیۆنەکەمان لە سنوورى حەمام عەلیل بوو و دەستمان بەسەر کەلوپەلى داعش گرت و چەند شانەیەکى نوستووى داعشمان دەستگیرکردن".