عێراق

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: "سەدا ٨٣ی کارەکانی تونێلی پیرمام تەواو بووە"

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم: "ئەو پڕۆژانەی لەژێر جێبەجێکردندابوون و راوەستاون، بڕی یەک ترلیۆن و ٧٠٠ ملیارمان پێویستە بۆ تەواوکردنییان".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 20.08.2019 - نوێکردنەوە : 21.08.2019
وەزیری ئاوەدانکردنەوە: "سەدا ٨٣ی کارەکانی تونێلی پیرمام تەواو بووە"

Arbil

هەولێر - AA

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم رایگەیاند کە سەدا ٨٣ی کارەکانی تونێلی پیرمام تەواو بووە و ئاماژە بەوەیش کرد کە بڕی یەک ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناریان پێویستە بۆ پڕۆژە تەواونەکراوەکان و ئاشکرایشی کرد کە پێدەچێت هەفتەی داهاتوو بڕی ٣٠ ملیار دیناریان پێ بدرێت بۆ ئەو پڕۆژانەی کە پێویستە پێش وەرزی بارانبارین چاکبکرێنەوە.

دانا عەبدولکەریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە تونێلی پیرمام گوتی: "پڕۆژەی تونێلی پیرمام سەدا ٨٣ی کارەکانی تەواو بووە و بەشێکی کەم ماوە و هیوادارین تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوبێت و هەوڵدەدەین لەکاتی خۆیدا تەواوبێت، گرنگ ئەوەیە ئەم پڕۆژەیە لە زووترین کاتدا بچێتە بواری خزمەتکردنی هاووڵاتییان".

دانا عەبدولکەریم گوتیشی: "هەوڵ دەدەین پڕۆژەکە بە هۆی داراییەوە پەکی نەکەوێت و ئومێدێکی زۆرمان هەیە کە رێککەوتنێکی سەرتاسەری لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بکرێت و وەزارەتی داراییش پێداچوونەوەیەکی باشی کردووە بۆ زیادکردنی داهات و ئەمەش کاریگەری لەسەر سێکتەری دارایی دەبێت".

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕی پارەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانەی کە کارکردن تیایاندا وەستاوە، هاوکات بڕی پارە بۆ ئەو پڕۆژانەی کە پێشنیازکراون گوتی: "بۆ ئەو پڕۆژانەی لەژێر جێبەجێکردندابوون و راوەستاون ئەوا بڕی یەک ترلیۆن و ٧٠٠ ملیارمان پێویستە بۆ تەواوکردنیان کە ئومێدەوارین لە میانی ئەو چوار ساڵەدا بەپێی ئەو گرێبەستانەی کە هەیە تەواوبکرێت. سەبارەت بە پڕۆژە پێشنیازکراوەکانیش لەو شوێنانەی کە پێویستە ئەوا بڕی یەک ترلیۆن و ٣٥٠ ملیاری دیکەمان پێویستە کە ئەوانەش لە چوارچێوەی بەرنامەی چوار ساڵی داهاتوومان دەبێت، ئەو رێگایانەیشی کە پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە ئەوا بوودجەی پێویستیان بۆ داوا دەکرێت".

دانا عەبدولکەریم لەبارەی بوودجەی پێویست بۆ چاککردنەوەی رێگاکان گوتی: "داوای ٣٠ ملیار دینارمان کردووە کە بەپەلە تەرخان بکرێت بۆ چاککردنەوەی رێگاکان، خۆشبەختانە بەپێی زانیارییەکان ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆتا قۆناغی بڕیاردانە لەسەر خەرجکردنی، رەنگە هەفتەی داهاتوو ئەو بابەتە تەواوبێت و هەوڵ دەدەین ئەو بڕە پارەیە لەو رێگایانە خەرج بکرێت کە پێویستیان بە چاککردن هەیە پێش هاتنی وەرزی باران بارین".

تونێلی پیرمام شاری هەولێر بە شاری شەقڵاوە دەبەستێتەوە و درێژییەکەی دوو کیلۆمەترە و ١٤٧ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە و لە ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری دروستکردنی درا، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە چەند جارێک کارکردن لەم تونێلەدا وەستا و لەئێستادا لە لایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە دەستکراوەتەوە بەکارکرن تیایدا.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن