Heman Husseın Yaseen
23 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم رایگەیاند کە تەواوی ئەو پلانەیان جێبەجێکردووە کە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دەستیانپێکردبوو سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان.
دانا عەبدولکەریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەو پڕۆسەیەی کە لە مانگی نۆ رامانگەیاند سەبارەت بە چاککردنی رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ راگەیاندنی سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیەتان پێ دەڵێین کە توانیمان لەماوەی دیارییکراودا پڕۆژەکان تەواو بکەین و سەرجەمییان ٨٩ پڕۆژەیە و ٧٩ پڕۆژە تەواو بووە و ١٠ پڕۆژەی دیکە لە سنووری هەڵەبجە ماوە، چونکە رەزامەندی دواکەوتوبوو و ئێستا رەزامەندی لەسەردراوە و لە نزیکترین ماوەدا دەست دەکەین بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەکان".
دانا عەبدولکەریم گوتیشی: "تێچووی پڕۆژەکە بریتیی بوو لە ٤٣ ملیار دینار، ئەگەر ئەوەی هەڵەبجەیش جێبەجێ بکرێت دەبێت بە ٤٥ ملیار دینار، ئەو پڕۆژانە هەندێکیان پردە و خۆشبەختانە هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێ ببینن".
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست کە لە ساڵی داهاتوودا بەشێکی دیکەیش لە رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان نۆژەن بکەنەوە و جەختی لەوەیشکردەوە کە هەوڵ دەدەن تا کۆتایی تەمەنی ئەم کابینەیە سەرجەم رێگاکان نۆژەن بکەنەوە.
دانا عەبدولکەریم لەبارەی بڕی پێویستی دارایی بۆ نۆژەنکردنەوەی سەرجەم رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە پلانی چوار ساڵەی وەزارەتمان، ساڵانە بڕی ٨٠ ملیار دینارمان پێویستە بۆ چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و بە چاکبوونەوەی دۆخی دارایی دەتوانین پلانەکان زیاتر بکەین و دەبێت ساڵانە پڕۆسەی نۆژەنکردنەوە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کەمترین زەرەر هەبێت".
لە ساڵی ٢٠١٠ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردنی ژمارەیەک تونێلی راگەیاند و لەم چواچێوەیەشدا تونێلی پیرمام کە بڕیار بوو لە ساڵی ٢٠١٤دا بکرێتەوە و دواتریش بەهۆی دروستبونی قەیرانی دارایی پڕۆژە دواکەوت و دواتر کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردەوە و رۆژی ٢٠/٨/٢٠١٩ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە سەدا ٨٣ی پڕۆژەکە تەواوبووە و جەختی لەوەیشکردەوە کە تا کۆتایی ئەمساڵ تونێلی پیرمام بەڕووی هاتوچۆکردندا دەکرێتەوە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم لەبارەی دروستکردنی ژمارەیەک تونێل لە هەرێمی کوردستان و تەوابوونی تونێلی پیرمام گوتی: "چەندین تونێل لە بەرنامەی وەزارەتەدایە وەک تونێڵەکانی مەتین، دەربەندیخان و پێنجوێن کە رێگا سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستانن و سەبارەت بە کردنەوەی تونێلی پیرمام-یش هیوادارم لە ساڵی ٢٠٢٠ بەڕووی هاتوچۆکردندا بکرێتەوە".