Rewa Mahmood Hasan
20 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2021
سلێمانی - AA
ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازییان لە شاندێکی باڵای ھاوپەیمانیی عێراقییون بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانیی و سەرۆکی ھاوپەیمانی عێراقییون، عەممار حەکیم کرد.
نووسینگەی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردەوە، لە دیدارێکدا کە ھەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، رزگار عەلی، ئاسۆ مامەند، سۆران جەمال تاھیر و رزگار حاجی حەمە ئامادەیبوون، لەژێر رۆشنایی پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندیی ھەردوولا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا و پێویستی خێراکردنی ھەنگاوەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دانانی پلان و بەرنامەی گونجاو بۆ داھاتوو گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کراوەو تێیدا ھاتووە، "ھاوسەرۆکانی یەکێتی جەختیان لەسەر گرنگی بەشداری ھەموو لایەنەکان بە کورد، شیعە و سوننەوە کردەوە کە رۆڵی کارایان ھەیە لە پرۆسەی سیاسی و خاوەن بەرژەوەندیی راستەقینەن لە بەرەوپێشبردنی کاروانی دیموکراسی لە وڵاتدا.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە دیدارەکەدا، ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسیان لە رۆڵ و ھەڵوێستیی عەممار حەکیم کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان. ھاوکات داواشیانکردووە کە ھەوڵەکانی لەو پێناوەدا بەردەوام بێت بە تایبەت لە چارەسەرکردنی کێشەی بوودجە و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم.
لە راگەیاندراوەکەی نووسینگەی ھاوسەرۆکی یەکێتیدا ھاتووە، "لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ھاوسەرۆکان ویستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامیی پەیوەندیی دۆستایەتی و برایەتی لەگەڵ ھاوپەیمانە سەرەکییەکانی و لەم ھەلومەرجەشدا ھانی ھەمووان دەدات بۆ ھەماھەنگیی و دیالۆگی جیددیی وەک بەشێک لە داکۆکی و بەرگریی لە دیموکراسی و فیدراڵیی عێراق بە لەبەرچاوگرتنی پاراستن و زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد".
لەو رووەشەوە ئاماژەیان بە ھەوڵ و ھەنگاوەکانی ھەردوولا کردووە لەگەڵ ھێز و لایەنە کوردی و عێراقییەکان لە پێناو رەخساندنی دیالۆگێکی بنیاتنەرانە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم و لابردنی کۆسپەکانی بەردەمیان بە ئامانجی رێککەوتنی یەکلاکەرەوە لە چوارچێوەی دەستوور.
لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە، "عەممار حەکیم ئاماژەی بەو پەیوەندییە مێژوویی و بەھێزەی نێوانیان کرد لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەیانە و بناغەکەی لەلایەن شەھیدی میحراب و رەوانشاد مام جەلال داڕێژراوە و ھەنگاوی گەورە و گرنگی لێ بەرھەمھاتووە و داواشیکرد پێکەوە درێژە بەو رێبازە بدەن. عەممار حەکیم گرنگیی رۆڵی نیشتمانیی ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەم بارودۆخە ناسکەدا دووپاتکردەوە لە پێناو رێگرتن لە گەورەبوونی کێشەکان و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و لێکنزیککردنەوەی تێڕوانین و بۆچوونەکان".