Rewa Mahmood Hasan
20 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2021
سلێمانی-AA
بەرپرسی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری یەکی گەرمەسێر رایدەگەیەنێت هێرش بۆسەر هەر شارێکی هەرێمی کوردستان، کردەوەیەکی تیرۆریستییە و نابێت لەسەر لایەنێک حساب بکرێت و ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆهەر جۆرە بەرپەرچدانەوەیەکی چەکداریی دژ بەو هێرشانەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان.
بەرپرسی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری یەکی گەرمەسێر، مەحمود سەنگاوی دوای بەشدارییکردنی لە رێوڕەسمی رۆژی شەهیدان کە بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی و سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، عەممار حەکیم لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
مەحمود سەنگاوی لەبارەی جموجۆڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکانی میحوەری گەرمەسێر و سنوورەکانی ئەو ناوچەیە گوتی، "تائێستا گەرمترین سنوور، سنووری یەک و دووی گەرمەسێرە بەتایبەت لە ناوچەی سنووری ئێمە، رۆژانە بەردەوام شەڕ روو دەدات، بەداخەوە لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و خەڵکی هەژاری ناوچەکە دەکوژرێت، خۆتان دەزانن داعش هاوشێوەی وەحشی خەڵک راودەنێن و کوشتار ئەنجام دەدەن، بەداخەوە کورد یەکێکە لە قوربانییەکانی ئەو ناوچەیە، لە ئێستادا لە سنووری ئێمەدا ١٩ گوند چۆڵ کراون، هەموو کوردەکان هەڵهاتوون، هاوکات شەهیدێکی زۆر هەیە، بەڵام لەلایەکی ترەوە چەکدارانی داعش خەڵکێکی کەمیان لێدەکوژرێت. بەڵام رۆژی رابردوو دوو کەسیان لێکوژراوە".
سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکان و جۆری ئەو چەکانەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەکاریدەهێنن، مەحمود سەنگاوی ئاماژەی بەوەدا کە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی بە کامێرا و نیشانشکێنی حەراری هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن و زۆرێک لە هێرشەکانیان بە شەوان ئەنجام دەدەن و ئێشکگرەکان وئەو کەسانەی لە هێڵی پێشەوەن دەیان کوژن و گوتی، "لەئێستادا وای لێهاتووە کە ئەندامانی تیرۆریستی داعش بەرۆژیش هێرش ئەنجام دەدەن، بۆ نموونە لەم هەفتەیەدا بە رۆژ هێرشیان کردبووە سەر حەشدی شەعبی لە نەفتخانە و لەئێستادا داعش هەڕەشەیەکی جیددیە لەو ناوچانە. سوپای عێراقیش بەداخەوە هەرچەندێک زۆر بن ناتوانن پارێزگاری لەخۆیان بکەن و داعش لەو ناوچانە دەربکەن".
سەبارەت بە هەر جۆرە هەماهەنگییەک لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەی کە داعش جموجۆڵەکانی دەستپێکردووەتەوە، مەحمود سەنگاوی رایگەیاند، "تائێستا هەماهەنگی نەبووە، بەڵام ئێمە وەک پێشمەرگە ئامادەبووین بچین بەهانایانەوە و هاوکاری سوپای عێراق بکەین، تائێستا یەکجار داوای هاوکارییان کردووە و چووین بە دەنگیانەوە".
لەوەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە هۆکاری جموجۆڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکەن لە ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی هەرێم کە دەیگەڕێننەوە بۆ بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، مەحمود سەنگاوی ئاماژەی بەوەدا کە هیچ جۆرە بۆشاییەکی ئەمنی نییە گوتی، "لەو ناوچانە و ئەو رووداوانەی کە روودەدەن هەمووی لە ژێر پارێزگاریی و ناوچەی دەسەڵاتی سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە روودەدەن، لەلای ئێمە هیچ بۆشاییەکی ئەمنی نییە".
لەبارەی ئەو هێرشە مووشەکییانەی لەماوەی رابردوودا کرانە سەر هەولێر، مەحمود سەنگاوی گوتی، "کاری تیرۆریستی هەرکەس و لایەنێک بیکات، هەرلایەک لە کوردستان هەولێرە یان هەر شوێنێکی تر، هاوەنێک یان فیشەکێکی ئاراستە بکرێت، ئەوە دژی کوردە، لەسەر هیچ لایەک نە یەکێتی نە پارتی و لایەنێکی تری حساب مەکەن، ئەوە دژبە میللەتەکەی ئێمەیە و بۆمان بکرێت وەڵامی دەدەینەوە".
لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنی حکوومەتی فیدڕالی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی بوودجە و رادەستکردنی نەوت، مەحمود سەنگاوی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بێئومێد و رەشبینە لە ئەنجامەکان و پێی وایە هەردوولا ناگەن بە رێککەوتن.