Sarmand Hameed
20 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2021
بەغدا - AA
سەرچاوەیەکی سەربازیی عێراقی رایگەیاند، سێ مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین کرا کە شارەزایانی ئەمریکیی و فڕۆکەی "F16"ی عێراقی تیادا جێگیرکراوە.
ئەفسەرێک بە پلەی موقەدەم رایگەیاند، سێ مووشەکی کاتیۆشا لەلایەن کەسانی نەناسراو ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی بەلەد کرا.
ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، مووشەکەکان لە دەوروبەری بنکەکە کەوتنە خوارەوە و لە ئاکامدا دوو سەرباز بە سووکی برینداربوون.
ئەفسەرەکە ئاماژە بەوەشکرد کە بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین شارەزایانی ئەمریکیی و فڕۆکەی "F16"ی عێراقی تیادا جێگیرکراوە
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە رانەگەیاندووە.
لە میانی چەند مانگی رابردوودا، ئەو بنکە سەربازییانەی کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایاندا جێگیرکراون، رووبەڕووی هێرشی مووشەکی دەبنەوە.
واشنتۆن گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش نزیکەی سێ هەزار سەربازی لە عێراق جێگیرکردووە.