Hawkar Yaseen
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عەلی باپیر لە قوتابخانەی ژیلوانی بنەڕەتی لە هەوڵیر بەشداری لە پرسەی هەڵبژاردن کرد و دەنگی دا.
بەهۆی ئەو گرفتە تەکنیکیەی کە لە چەند بنکە و وێستگەیەکی دەنگدان دروست بوو لە ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگداندا، عەلی باپیر دوای دوو کاتژمێر چاوەڕوانی توانی بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا بکات.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عەلی باپیر دوای ئەوەی کە دەنگی دا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "هیوادارم ئەم پرۆسەیە شارستانییانە و رێکوپێک بەڕێوەبچێت و دەرئەنجامەکەشی جێگای رەزامەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتایبەت و خەڵکی عێراق بێت بەگشتی، بێگومان لە ئیسلامدا دەسەڵات هی خەڵکە و خەڵک دەبێت بەرپرسانی خۆی دابنێت، دانانی بەرپرسانێک کە وڵات بەرێوەبەرن مافی خەڵکە، بۆیە کۆمەڵگا زیندووەکان ئەو کۆمەڵگایانەن کە تیایاندا دەسەڵات بەدەست خەڵکەوەیە نەک حزبێک یان بنەماڵەیەک یان کەمینەیەک خۆیان بسەپێنن بەسەر خەڵک و جەماوەردا بەڵکو دەبێت خەڵک ئیرادەی ئازادبێت بۆئەوەی بەرپرسانی خۆی دیاریی بکات".
عەلی باپیر گوتیشی: "ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی شەرعییانە و شارستانییانەیە واتە هەڵبژاردنی خەڵک بۆ نوێنەرانی خۆی، هیوادارم ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولەکانی پێشوو کاراتر و وریاتربێت و بە یەک چاو تەماشای هەموو عێراقییەکان بکات و ماف و ئازادییەکانی هەموو لایەک لەبەرچاوبگرێت".
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەربارەی ئەوەی کە لایەنە ئیسلامییەکان بەو هۆیەی بەیەکەوە بەشداری پرۆسەکەیان نەکردووە پێدەچێت زیانیان بەربکەوێت، عەلی باپیر رایگەیاند "لایەنە ئیسلامییەکان کە نەیانتوانیوە بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن زیانیان لێ نادات، چونکە دوایی دەتوانن لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا پێکەوەبن هەروەک لە قۆناغی رابردوودا لە گرووپی ١٥ هاوپەیمانێتی هیوا دروست بوو لە ئیسلامییەکان و دەرەوەی ئیسلامییەکانیش ئەوانەی کە بۆچوونیان یەکبوو، قورساییەکی باشیشیان هەبوو بۆیە دەگونجێت ئەمجارەش هەمان ئەزموون بە فراوانتریش دووبارە بکرێتەوە".
عەلی باپیر دەربارەی ئەوەی دەخوازن ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتوو چۆن بێت و چ رۆڵێک بگێڕێت رایگەیاند "من هیوادارم لە خولەکانی رابردوو کاراتر بێت، بێگومان لە رابردوو کەموکوڕی هەبووە بەتایبەت لە هەیمەنەی پێکهاتەیەک بەسەر پێکهاتەکانی دیکەدا و پەراوێزخستنی هەندێک لە پێکهاتەکان، هیوادارم هەموو لایەک پەندیان لە هەڵەکانی رابردوو وەرگرتبێت و ئەزموونە تاڵەکان و هەڵە و کرچ و کاڵییەکان وازلێبهێنن و دووبارەیان نەکەنەوە".
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عەلی باپیر راشیگەیاند "هیوادارم کابینەی نوێ وەک کابینەی پێشوو نەبێت، هەمووجارێک کابینەکان زۆر کاتیان پێوەخراوە ئەوەش لەسەر حسابی بەرژەوەندی خەڵک، عێراق خۆی بە بارودۆخێکی نا ئاساییدا تێدەپەڕێت، هیوادارم هەموو سیاسەتمەدارەکان بەتایبەت ئەوانەی کە کورسی زیاتر دەهێنن و خەڵکێکی زیاتر پشتگیریان دەکات زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و زوو کابینەکە پێکبهێنن و بکەوێتە سەر سکەی خۆی و بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت".