Zana Natık Kerem
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، جەلیل عەدنان رایگەیاندکە کێشەی تەکنیکی لە ژمارەیەک ئامێرەکانی دەنگدان ھەبوو، نەک لەکارکەوتنی ئامێرەکان وەک باسی لێوەکراوە.
جەلیل عەدنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ئەو کێشە تەکنیکییەی کە لە میانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە ژمارەیەک ئامێرەکانی دەنگدان روویدا، زۆر کەم و سنوورداربوو و گوتی: "ھۆکاری بوونی کێشەکەیش بۆ ھەڵەی مرۆیی دەگەڕێتەوە".
روونشیکردەوە کە کێشەی تەکنیکی لە ژمارەیەک ئامێرەکانی دەنگدان ھەبوو، نەک لەکارکەوتنی ئامێرەکان وەک باسی لێوەکراوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، جەلیل عەدنان جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە لەئێستادا، سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدان لە بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان بەبێ کێشەی تەکنیکی کار دەکەن و داواشی لە دەنگدەران کرد کە رووی لە بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان بکەن تا بتوانن دەنگی خۆیان بدەن.
پێشتر باس لەوەکرابوو کە لە ژمارەیەک بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان، کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگداندا ھەیە و وەک پێوەیست پەنجەمۆری دەنگدەران لە ئامێرەکاندا، ناخوێندرێتەوە.
- هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق
لە کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەدا، کرانەوە و پرۆسەکە تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراقدا، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن کە کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق.
٧٥ ھەزار چاودێری ناوخۆیی و ھەزار و ٧٠٠ چاودێری نێودەوڵەتیی، چاودێریی ھەڵبژاردنەکان دەکەن.