01 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ـ AA
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند لە میانی ئەم ھەفتەی دواییدا، ٩٥ پەنابەری دیكەی عێراقی بە ئارەزووی خۆیان لە توركیاوە گەڕاونەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق، عەلی عەباس جیهاگیر لە راگەیەندراوێكدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە ئاماژەی بەوە كردووە كە وەزارەتەكەی بەردەوامە لە جێبەجێكردنی بەرنامەی خۆی لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ھەفتانە بۆ ئاوارە عێراقییەكان كە لە توركیا نیشتەجێن.
عەلی عەباس جیهاگیر ئەوەی خستووتە ڕوو كە لە میانی ئەم ھەفتەی دواییدا بە هەوڵی نووسینگەكەیان لە ئەنقەرە، ٩٥ پەنابەر لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل سەربە قەزای زاخۆ گەڕاونەتەوە وڵات.
بەپێی راگەیەندراوەكە، پەنابەرە گەڕاوەكان دوای تەواوبوونی وردبینی ئەمنی، رەوانەی زێدی خۆیان دەکرێنەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا جەخت لەوەیشكراوەتەوە كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی لەسەر ئەركی خۆی سەرجەم پەنابەرە عێراقییەكان لە توركیاوە بگەڕێنێتەوە سەر زێدی خۆیان.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار پەنابەری عێراقی لە توركیا دەژین و ئەو ھاوكارییانە دەیانگرێتەوە كە ئەنقەرە پێشكەش بە پەنابەرانی دەكات.
لە دوای ھاتنی چەكدارانی داعش و كۆنترۆڵكردنی چەندین پارێزگای عێراق لە ساڵی ٢٠١٤، ھەزاران خێزانی نیشتەجێی ئەو پارێزگایانە ئاوارە بوون.
ئامارەكانی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی كە لەو بارەیەوە بڵاوكراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەكەن كە لە كۆی پێنج ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار كەس كە بە ھۆی شەڕی دژبە داعش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ ئاوارە بوون و ناوچەكانی خۆیان بەجێ ھێشتووە تا ئێستاش یەك ملیۆن ھاووڵاتی عێراقی لە كەمپەكان نیشتەجێن.
ھەرچەندە پێش دوو ساڵ حكوومەتی عێراق بە فەرمی كۆتاییھاتنی جەنگی داعشی راگەیاند، بەڵام تا ئێستا زۆرینەی ئاوارەكان بە ھۆی نالەباری دۆخەكە و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
حكوومەتی عێراق رایگەیاندووە كە پێویستی بە ٨٨ ملیار دۆلار ھەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی بە هۆی جەنگەوە وێران بوون.