Zana Natık Kerem
02 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند كە بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، گەیشتووەتە دوو كوژراو و ٢٦٨ بریندار.
ئەندامی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ، عەلی بەیاتی لە راگەیەندراوێكدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە ئاماژەی بەوە كردووە لە خۆپیشاندانەكانی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، دوو خۆپیشاندەر لە شاری بەغدا و زیقار كوژراون و ٤٢ كارمەندی ئەمنی و ١٦٦ خۆپیشاندەریش برینداربوون.
عەلی بەیاتی باسی لەوەیشكردووە كە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا، ٣٠ی خۆپیشاندەر لە پارێزگای واست دەستگیركراون و لە پارێزگای بەسرە-یش ١٨ خۆپیشاندەر دەستگیركراون كە ١١یان ئازادكراون، هەروەها لە پارێزگای نەجەف-یش حەوت خۆپیشاندەر ئازادكراون.
لە دوێنێ سێشەممەوە لە بەغدا و ژمارەیەک شاری باشووری عێراق خۆپیشاندان سازكراوە بۆ پرۆتێستۆكردنی گەندەڵی و بێكاریی لە وڵاتدا.
لە میانی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ سێشەممەدا، پێكهەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویدا کە بە هۆیەوە ژمارەیەک لە هەردوولا بوونەتە قوربانی.
- خۆپیشاندان بهردهوامه
ئەمڕۆ چوارشەممەش خۆپیشاندەران لە شاری بەغدا و چەند شارێكی دیكە درێژەیان بە خۆپیشاندان دا بۆ پرۆتێستۆكردنی گەندەڵی و بێكاریی لە وڵاتەدا.
- گردبوونەوە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە
پێشتر لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە چەندین بانگەواز بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە یەكی تشرینی یەكەمدا بڵاوكرابووەوە.
تا ئێستایش هیچ پارت و لایەنێكی سیاسی خاوەندارێتیی لەو خۆپیشاندانانە نەكردووە كە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستپێكراوە.
نوێنەرانی سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر كە خاوەن زۆرترین جەماوەرە لە عێراقدا، رایانگەیاندبوو كە بەشداریی لە خۆپیشاندانەكەدا ناكەن.