Sarmand Hameed
03 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2021
هەولێر - AA
لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدان بۆ بەشدارییکردنی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، چەند هاوپەیمانییەک بۆ بەشداییکردن لە هەڵبژاردنە گشتییهكانی عێراقدا تۆمارکراون.
دوای ئەوەی وادەیەی کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانی و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدان بۆ بەشدارییکردنی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت کۆتاییهات، دیارترین هاوپەیمانییە سیاسییەکان لە عێراق کە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون، بریتین لە؛ ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانیی بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم، هاوپەیمانیی تەقەدومی وەتەنی بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی، هاوپەیمانیی عەزمی عێراق بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، هاوپەیمانیی وەتەنییە بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی و هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک بە سەرۆکایەتی راکان جبووری.
لە هەرێمی کوردستانیش، هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانییەکیان لەژێر ناوی (هاوپەیمانی کوردستان) پێکهێنا, بڕیاریاندا پێکەوە بە یەک لیست بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن و بە فەرمی هاوپەیمانییەکان کە لەلایەن هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکرێت لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد.
پێشتریش بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، خەسرهو گۆران رایگەیاندبوو، کە بەشێوەی لیستی سەربەخۆ لە ١١ پارێزگای عێراق لەسەر ئاستی ٣٠ بازنە و بە ٥٥ کاندید بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن و ناوی کاندیدەکانیان رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.
بەگوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای، لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی تۆمارکردن، ١٢٦ قەوارەی سیاسیی بە هەزار و ٦٣٤ کاندید و ٢٢ هاوپەیمانی بە هەزار و دوو کاندید هەروەها ٨٨٧ کەس بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان بۆ بەشداییکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا تۆمارکردووە کە کۆی گشتیی کاندیدان دەکاتە سێ هەزار و ٥٢٣ کەس و دوای وردبینیکردن لە لیستی ناوی کاندیدان لەلایەن کۆمیسیۆنەوه، لیستی کۆتایی ناوەکان ئاشکرا دەکرێت.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا ئەنجام بدرێت کە تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.