Zana Natık Kerem
19 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی داوای لە هێزە سیاسییەكان كرد كە لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان رێكبكەون.
محەمەد حەلبوسی لە 12 هەمین كۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان كە لە لایەن نووسینگەی رەوتی حیكمەی نیشتمانی لە بەغدا سازكرابوو گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و سزادانی گەندەڵكاران، هەروەها چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت، ئەم رەوشەی ئێستا تێپەرێندرێت و قۆناغێكی نوێ لە عێراق دێتە ئاراوە".
لای خۆیەوە سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، عەممار حەكیم پاڵپشتی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دووپات كردەوە و داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش كرد كە یاسای هەڵبژاردنەكان یەكلایی بكاتەوە.
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتانیش عەممار حەكیم گوتی: "داوا دەكەین گیانی كچە چالاكوانەكان لە خۆپیشاندانەكاندا بپارێزرێت و هەروەها رۆڵی ئەنجوومەنی باڵای ئافرەتانیش كاراتر بكرێت".
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت لە میانی كۆنگرەكەدا گوتەیەكی پێشكەشی كرد و خۆشحاڵی خۆی بە پابەندبوونی دادوەریی عێراق تایبەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان نیشاندا و ستایشی ئەو رێوشوێنانەی كرد كە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق سەبارەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی گرتوویانەتەبەر.