Zana Natık Kerem
21 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە زانیاری گرنگی سەبارەت بە ئەنجامدەرانی تاوانەكەی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد باشووری پارێزگای سەڵاحەددین دەستكەوتووە.
لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدر زەیادی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی ئاشكرایكردووە، ئەو لیژنەیەی كە تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی ناحیەی فەرحاتییە پێكهێنراوە، زانیاری ئەمنیی وردی لە خەڵكی مەدەنی و كەسوكاری قوربانییانی رووداوە دەستكەوتووە، جگە لەوەیش لیژنەكە زانیاری وردی سەبارەت بە ئەنجامدەرانی رووداوەكە دەستكەوتووە.
راشیگەیاند، لیژنەكە كە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێكهێنراوە، كەمتەرخەمی ئەو هێزانەی كە بەرپرسن لە ئاسایشی ناحیەی فەرحاتییە دیاریكردووە و ئاماژەی بەوەیشداوە كە چوار لەو 12 كەسەی كە كوژراون سەربە حەشدی هۆزەكانن.
بەدر زەیادی گوتیشی: "لە میانی دوو رۆژی داهاتوودا، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە رووداوەكەی ناحییەی فەرحاتییە رادەگەیەندرێت".
چەند رۆژێك لەمەوبەر، 12 هاووڵاتیی دانیشتوی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد باشووری پارێزگای سەڵاحەددین لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە رفێندراون و دواتر كوژراون و پاشان تەرمەكانیان لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی سەڵاحەددینەوە دۆزراونەتەوە.
پێشتر پارێزگاری سەڵاحەددین، عەممار جەبر رایگەیاندبوو، ژمارەیەك كەس كە جلوبەرگی سەربازیان پۆشیبوو، ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە و باسی لەوەكردبوو، لەو 12 كەسەی كە كوژراون، هەشتیان پۆلیسن.