Zana Natık Kerem
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، سێ كەس كە بە كوشتنی موختاری گەڕەكی ریسالەی دوو لە شاری نەجەف باشووری عێراق و هاوسەرەكەی تاوانبار بوون، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە.
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی نەجەف لە وەزارەتی ناوخۆ، سێ كەسیان دەستگیركردووە كە موختاری گەڕەكی ریسالەی دوو لە شاری نەجەف و هاوسەرەكەیان كوشتووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە ئەو سێ بكوژە لە میانی لێكۆڵینەوەكاندا، دانیان بە ئەنجامدانی تاوانەكەدا ناوە و دواتر رەوانەی دادگای تاوانەكانی نەجەف كرابوون بۆ ئەوەی سزای عادیلانە بدرێن.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیشدراوە كە دادگای تاوانەكانی نەجەف، لەسەر ئەنجامدانی ئەو تاوانە، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو سێ بكوژە، دەركردووە.