Heman Hussein Yaseen
28 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2026
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ھەرێمی کوردستان - عێڕاق ئامانجی ١٣ دڕۆنی ھێرشبەر بووە کە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازیان بۆردوومان کردووە و ١٢ دڕۆنیان ئاراستەی پارێزگای هەولێر و یەک دڕۆنیش ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراوە، هاوکات زۆربەی ھێرشەکان ئاراستەی بارەگا و بنکەکانی ھێزە سیاسییە دژبەرەکانی ئێران کراون و ھەندێک دڕۆنیش پێش گەیشتن بە ئامانجەکەیان، تێکشکاون.
بەپێی زانیارییەکان، لە ٢٤ کاژمێری ڕابردوودا ٣ دڕۆن بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە شاخی باواجی و شاخی ھەیبەت سوڵتان لە کۆیە کردووتە ئامانج و بەھۆیەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتەوە، ھەروەھا ٤ دڕۆن ئاراستە بارەگاکانی پارتی ئازادی کوردستان کراوە لە ھەردوو بنکەی دێگەڵە و دارەشەکران، ھاوکات شەوی ڕابردوو ٣ دڕۆن لە دۆڵی ئالانە بارەگای کۆمەڵەیان کردووەتە ئامانج و یەک دڕۆنی دیکەش لە ئاسمانی خەلیفان و یەک دڕۆنی دیکەش لە ئاسمانی ھەولێر و سەر کۆمەڵگای سێبیران تێکشکاوە و خراوەتە خوارەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەیانی ئەمڕۆ بە دڕۆنێک ھێرش کراوەتە سەر ناحیەی تەگەران لە قەزای شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی و دەگوترێت شوێنەکە چەک و جبەخانەی لێ بووە.
تا ئێستا لە ھێزە ئەمنی و دەزگا فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان ھیچ ئامار یان زانیارییەکی فەرمییان سەبارەت بەو ھێرشانە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داھاتوودا دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ڕاگەیاندنی فەرمیی بڵاوبکەنەوە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٢٨ی شوباتەوە تا ئێستا بە ٩٣٤ دڕۆن و مووشەک ھێرش کراوەتەسەر ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک پارێزگای ھەولێر ٦٤١ ھێرش، سلێمانی ٢٦٠ ھێرش، دھۆک ٣١ ھێرش و ھەڵەبجەش دوو ھێرش بووە.