Zana Natık Kerem
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە موفتی بەناو ویلایەتی كەركووك سەربە داعش لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك باكووری عێراق دەستگیركراوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پشت بەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی لە پۆلیسی فیدرال سەربە وەزارەتی ناوخۆ، گەورە تیرۆریستێكیان لە ناحیەی رەشاد باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك دەستگیركردووە كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە داعش، داواكراوە.
لە راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەدراوە ئەو گەورە تیرۆریستەی كە دەستگیركراوە وەك موفتی داعش لە بەناو یلایەتی كەركووك/ رەشاد كاری كردووە.
باسی لەوەشكردووە دەستگیركراوەکە لە میانی لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا، دانی بەوەداناوە كە ئەندامی رێكخراوی تیرۆریستی داعشە و چەندینجار پاڵپشتیی لۆجستی پێشكەش بە تیرۆریستانی داعش كردووە، هەروەها دەركەوتووە كە دوو برا و ئامۆزایەكی لەنێو رێكخراوی داعش دان و خۆشكێكیشی هاوسەری یەكێك لە ئەمیرەكانی داعشە لە بەناو ویلایەتی كەركووك.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو، ئەو تیرۆریستە دوای وەرگرتنی گوتەكانی، بەمەبەستی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار كراوە بۆ ئەوەی سزای عادیلانە بدرێت.