Arif Yusuf,Hamdi Yıldız
02 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق داوای كرد لێكۆڵینەوە لە ئەو گازە فرمێسكرێژە بكرێت كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دژبە خۆپیشاندەران بەكارهێنراوە.
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەكردووە كە تیمەكانیان چەندین حاڵەتی بەكارهێنانی گازی فرمیسێكرێژیان لە میانی خۆپیشاندانەكاندا تۆماكردوو كە ئەوە دەسەلمێنێت ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەر بە هۆی گازی فرمیسێكرێژەوە برینداربوون".
لە راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو ئەو گازە فرمێسكرێژانەی كە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەكاردەهێندرێت كە راستەوخۆ بۆ ماوەیەك كاریگەری لەسەر جەستەی بەركەوتووان دروست كردووە كە تەنانەت ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران بەهۆی بەركەوتنیان بە گازی فرمیسكرێژ گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە دەركەوتووە ژمارەیەك خۆپیشاندەر لە ئەنجامی بەركەوتنیان بە گازی فرمیسكرێژ گیانیان سووتاوە و بەپێی ئەوەی تیمەكانی پزیشكی رایانگەیاندووە رۆژانە لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا ٥٠ بۆ ٢٠٠ خۆپیشاندەر بە هۆی گازی فرمێسكرێژەوە بریندار دەبن.
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە راپۆرتەكەدا داوای كردووە لێكۆڵینەوە لە سروشتی ئەو گازە فرمێسكرێژە بكرێت كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دژبە خۆپیشاندەران بەكارهێنراوە و دواتر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەش بۆ رای گشتی رابگەیەندرێت.
هاووڵاتییانی عێراق لە شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری ناوەڕاست و باشوور، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و داوا دەكەن حكوومەت دەستلەكاربكشێنێتەوە.
خۆپیشاندەران لە یەكی تشرینی یەكەمدا دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و دواتر بە هۆی رێوڕەسمەكانی ئەربەعینیەوە خۆپیشاندانەكانیان وەستاند، دواتر رۆژی هەینی رابردوو دەستیان پێكردەوە و لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەتی بەغدای پایتەخت خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
سەرەتا خۆپیشاندەران داوای باشكردنی خزمەتگوازرییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی دەرفەتی كاریان دەكرد، بەڵام لەئێستادا، داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت دەكەن.