Sarmand Hameed
28 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2020
بەغدا - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دابەشکردنی جەژنانە بەسەر زیاتر لە ١٧ هەزار خێزانی کەمدەرامەت بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی جەژنی قوربان.
گوتەبێژ بەناوی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامیدا رایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیران لە میانی کۆبوونەوەی هەفتانەیدا بڕیاریدا بە خەرجکردنی جەژنانە بە بڕی ٧٥ هەزار (نزیکەی ٦٠ دۆلار) بۆ هەر خێزانێکی کەمدەرامەت کە لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان"
ئەحمەد موللا تەڵاڵ ئاماژەی بەوەشدا ئەوانەی سوودمەندن لە تۆڕەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی ژمارەیان ١٧ هەزار و ٥٥٢ خێزانە.
گوتەبێژ بەناوی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە وادەی خەرجکردنی ئەو هاوکارییە نەدا.
لە حەوتی تەمووز، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێژەی هەژاری لە وڵاتدا گەیشتووەتە ٣١.٧ لەسەدا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨ رێژەی هەژاری لە عێراق لەسەدا ٢٠ بوو.