Ekip
30 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2022
بەغدا - AA
لەگەڵ ئەوەی ١٥ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر لەسێدارەدانی سەرکۆماری پێشووتری عێراق، سەدام حوسێن. بەڵام هێشتا نەتوانراوە سەقامگیریی لە عێراق بەرقەرار بکرێت و کێشە ئەمنیی، سیاسیی و ئابوورییەکان درێژەیان هەیە.
سەدام حوسێن کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ٢٠٠٣ عێراقی بەڕێوەبرد، پێش ١٥ ساڵ و لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦دا لەسێدارە درا.
لەگەڵ لەسێدارەدانی سەدام حسێن، سەردەمی پارتی بەعس لە عێراق کۆتایی پێ هات.
دوای ئەوەی ئەمریکا لە ئاداری ٢٠٠٣دا عێراقی داگیر کرد، سەدام حسێن خۆی ون کرد و دوای نزیکەی هەشت مانگ لەلایەن سەربازانی ئەمریکاوە دەستگیرکرا.
بڵاوبوونەوەی دیمەنی لەسێدارەدانی سەدام لەو ساڵانەدا، دەنگدانەوەی زۆری دروست کرد. لە کاتی لەسێدارەدانیدا کەسەکان کە دەگوترێت سەربازی عێراقی بوون دروشمیان دەوتەوە بە شانی مەرجەعی ئایینی شیعی محەمەد باقر سەدر کە سەدام لەسێدارەی دا.
دوای ساڵانێک لە سێدارەدانی سەدام حوسێن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، مۆفەق روبەیعی رایگەیاند ''کاتێک دەبرا بۆ پەتی سێدارە هیچ ترسێک یان پەشیمانییەکی لێ بەدی نەدەکرا'' ئەو گوتانەشی بووە جێی مشتومڕ.
مۆفەق روبەیعی باسی لەوە کردبوو کە لە کاتی لەسێدارەداندا ئامادە بووە و ئەو پەتەی سەدامی پێ هەڵواسرا لە ماڵەکەیدا لە بەغدا حەشاردراوە، ئەوەشی خستەڕوو کە پارەیەکی زۆریان خستووەتە بەردەم بۆ کڕینی ئەو پەتە، بەڵام هەمووی رەت کردەووەتەوە.
لەسێدارەدانی سەرکۆماری پێشووتری عێراق، سەدام حوسێن لە بەرەبەیانی یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. تەنانەت ئەوانەشی دڵخۆش بوون بە لەسێدارەدانی سەدام لە سێدارەدانیان لەو رۆژەدا بە دروست نەزانی.
سەدام حوسێن لە دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن دادگاوە تۆمەتەکانی کۆمەڵکوژی شیعەکان لە ساڵی ١٩٨٢دا لە شاری دوجەیل سەربە پارێزگای سەڵاحەددین و کۆمەڵکوژی کوردەکان لە شاری هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ی رووبەڕوو کرایەوە.
لە پاش لە سێدارەدانی سەدام حوسێن دەیان کەس لە شوێنی لە دایکبوونی لە تکریت گردبوونەوە و دژایەتی خۆیان بۆ لە سێدارەدانی راگەیاند و هوتافیان بە باڵایدا هەڵدا. لە کاتێکدا حکوومەتی ئەو کاتەی عێراق داوای لە خانەوادەی سەدام حوسێن کرد خێرا تەرمەکەی بە خاک بسپێرێت، بەڵام کەسوکاری تەرمەکەیان بردەوە بۆ گوندی عۆجە نزیک شاری تکریت و لەوێ لە یەکێک لەو خانووانەی خۆی دروستی کردبوو بەخاکیان سپارد.
- جەنگی مەزهەبی و دابەشبوونی وڵات
ئەمریکا لە پاش سەدام بەڵێنی بەرقەراربوونی دیموکراسیی و ئازادیی بە عێراق دا بەڵام لەگەڵ داگیرکردنیدا پشێوی ئەمنیی لەو وڵاتەکەدا سەریهەڵدا و ئەوانەی هاتنە سەر دەسەڵات لەگەڵ ئەوەی نەیانتوانی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ خەڵک دابین بکەن، نەشیانتوانی یەکێتیی سیاسیی فەراهەم بکەن.
لە رووی سەربازییەوە سوپا لە عێراق لە پاش داگیرکاریی ئەمریکاوە هەڵوەشێندرایەوە، دەستووری نوێ لە ساڵی ٢٠٠٥دا لەژێر فەرمانی ئەمریکادا نووسرایەوە و لە قۆناغی دواتردا بە درێژایی ساڵانێک جەنگی مەزهەبیی لەنێوان خەڵکدا سەریهەڵدا.
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا دەستی بە هێرش کرد و یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیرکرد. حکوومەتی عێراق ١٠٠ ملیار دۆلار زیانی ماددی کرد و هەرچەندە شکستپێهێنانی داعشی راگەیاندووە، بەڵام رێکخراوەکە بەردەوامە لە پەلاماردانی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی.
لە دوای سەردەمی سەدام حوسێن لە عێراق گەندەڵی بە هەموو دامەزراوەکاندا بڵاوبووەتەوە و بەقووڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەهەژێنێت لە کاتێکدا هەرچییەک دێتە سەر دەسەڵات ناتوانێت بەرەنگاری ئەو گەندەڵییە ببێتەوە، ئەوەش ئاشکرا بووە کە گەورەترین گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن حزبەکانی ناو حکوومەت ئەنجام دراوە.
هەموو ئەم رووداوانەی کە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن روویاندا، بوونە رێگر لەبەردەم خۆشگوزەرانی گەلی عێراق.
هەرێمی کوردستانی عێراق-یش لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧دا گشتپرسی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام دا، دژ بەم هەنگاوەش کە رێگایەک بوو بۆ دابەشکردنی وڵات، حکوومەتی بەغداد کەوتەخۆ و گشتپرسییەکەی شکست پێ هێنا.
لەبەر ئەوەی هیچکام لەو حکوومەتانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دامەزران نەیانتوانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان وەک ئاو و کارەبا دابین بکەن، ناوبەناو خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەنجامدرا، بەتایبەت لە مانگەکانی هاویندا عێراقییەکان دژبە نەبوونی کارەبا لە شاری بەسرە رژانە سەر شەقامەکان و دژبە حکوومەت خۆپیشاندانیان کرد.
خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە لەبەردەم بینای بەشێک لە پارتە سیاسییە شیعەکان و کۆنسولخانەی ئێران ئەنجامدرا کە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن-ەوە بەردەوام هەژموونی لە عێراق لە زیادبووندایە.
- عێراق بووە مەیدانی پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران
دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن هاوشێوەی ئەمریکا هەژموونی سیاسیی و سەربازیی ئێران-یش بەردەوام رووی لە زیادبوون کرد. رکابەری و ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەش زیاتر عێراقی بەرەو نائارامی برد.
ئەمریکا لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی ئەنجام دا و تیایدا فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی و یاریدەدەری سەرۆکی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندس کوژران ئەمەش وای کرد عێراق ببێتە ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران.
وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ کوشتنی سولەیمانی، بەرەبەیانی هەشتی کانوونی دووەم سوپای پاسداران چەند مووشەکێکی بالیستی ئاراستەی دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە شارەکانی ئەنبار و هەولێر کرد.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی کاردانەوەکان دژبە مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق زیادیان کرد و لە پێنجی کانوونی دووەمدا، پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بڕیارێکی دەرکرد.
هەرچەندە ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بەشێکی بنکە سەربازییەکانیان چۆڵ کرد و رادەستی هێزەکانی عێراق-یان کرد، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئامانجەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان ناوبەناو رووبەڕووی پەلامار بوونەوە.
باس لەوەش دەکرا کە میلیشیا شیعەکانی سەربە ئێران و حکوومەتی تاران لەپشت ئەم پەلامارانەوە بووە بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر سەربازانی ئەمریکا بۆ ئەوەی عێراق بەجێبهێڵن.
لە نۆی کانوونی یەکەمدا، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان بە رابەرایەتی ئەمریکا، ئەرکەکانیان لە عێراق کۆتایی هاتووە و لە عێراق کشاونەتەوە. گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران-یش هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا، هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا.