Sarmand Hameed
30 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح رۆژی نۆی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ی بۆ یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاریی کرد.
بەگوێرەی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ بە واژۆی سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح دەرچوو، تیایدا پاڵپشت بە هەردوو مادەی (٥٤ و ٧٣/چوارەم) لە دەستووری عێراق و پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامییەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی بانگهێشتی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات بۆ یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکە لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی نۆی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کە لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
لەبارەی مەرسومی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ بانگهێشتی ئەندامانی هەڵبژێردراوی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار بەرهەم ساڵح لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە مەرسومەکە، نووسیوویەتی "مەرسومی کۆمارییم بۆ بانگهێشتکردنی ئەنجوومەنی نوێی نوێنەران واژوو کرد بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممە نۆی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ کۆببنەوە، بە ئومێدی ئەوەی کۆبوونەوەکە ببێتە وەڵامدەرەوەی ئیستیحقاقی نیشمانیی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی کاریگەر و بەتوانا کە پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی وڵات بکات و سەروەریی بپارێزێت و پارێزەر و خزمەتکاری عێراقییەکان بێت، ئەمەش پێویستی بە هاوهەڵوێستی هەیە لە پێناو بەدیهێنانی چاکسازیی پێویست بۆ عێراقێکی سەقامگیر و سەرفراز.
رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.
رۆژی دووشەممە ٢٧ی کانوونی یەکەم، دادگای باڵای فیدراڵیی ئەو تانانەی رەت کردەوە کە لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە گیرابوون و ئەنجامەکانیشی پەسەند کرد و ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆماری کرد.
بەپێی ئەنجامەکانی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، هاوپەیمانیی فەتح بە سەرکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆک، بافڵ جەلال تاڵەبانی ١٩ کورسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان بەدەست هێنا.