Zana Natık Kerem
25 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
شاندێکی باڵای ئەمنی عێراقی، بەسەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری گەیشتە گوندی بەشیر سەربە ناحیەی تازە باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای کەرکووک، ئەوەیش دوای ئەوەی شەوی ٢٣ی ئەم مانگە، تیرۆریستانی داعش پەلاماری جووتیارانی نیشتەجێی گوندەکەیان دا و بەھۆیەوە شەش جووتیار کوژران.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردووە کە فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری بە یاوەری ھەریەک لە یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، فەریق روکن قەیس مەحمەداوی و فەرماندەی ھێزە وشکانییەکان، فەریق روکن قاسم محەمەدی و فەرماندەی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی گەیشتووەتە گوندی بەشیر.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە شاندەکە بە ئامانجی بەدستھێنانی زانیاری لەبارەی پەلامارەکەی تیرۆریستانی داعش بۆسەر گوندی بەشیر، سەردانەکەی گوندەکەی کردووە.
باسی لەوەش کردووە کە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری لە میانی سەردانەکەی بۆ گوندی بەشیر، ھێزە ئەمنییەکانی لە ناوچەکە بەسەرکردووەتەوە و رایگەیاندووە "پێویستە ھەوڵە ھەواڵگرییەکان چڕتر بکرێنەوە، بۆ ئەوەی پاشماوەکانی تیرۆر نەتوانن ھیچ دەرفەتێک بقۆزنەوە تا رەوشی ئاسایشی پارێزگای کەرکووک، بشڵەژێنن"
شەوی ٢٣ی ئەم مانگە، تیرۆریستانی داعش پەلاماری جووتیارانیان دا لە گوندی بەشیر و لە ئاکامدا، شەش جووتیار کوژران.