Zana Natık Kerem
25 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دوای پێشوازییکردنی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن و شاندی سیاسیی و سەربازیی یاوەری، کۆبوونەوە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا دوایین پێشھاتەکانی پرۆسەی سیاسیی عێراق، دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، شەڕی دژبە تیرۆر و جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، گۆڕانی ئاووھەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق، ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کراون.
ئاماژەی بەوەیش دا کە ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە گرنگیی ھەبوونی تێڕوانین و لێکگەیشتنی ھاوبەش لایەنە عێراقییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ھەروەھا ھاوڕابوون لەوەی ئەگەر بڕیار و ئیرادەی سیاسیی ھەبێت، دەرفەتی ئەوە ھەیە کە لایەنەکان بگەنە چارەسەرێکی کۆکەرەوە کە چەقبەستوویی و بنبەستی سیاسیی تێپەڕێندرێت.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ھەردوولا نیگەرانی خۆیان لە دۆخی شنگال و پێشھاتەکانی ناوچەکە نیشانداوە کە بوونە ھۆی دووبارە ئاوارەبوونەوەی خەڵکی ئێزدی و جەختیان کردووەتەوە لە گرنگیی پێکەوەکارکردنی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گێڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.
راشیگەیاندووە کە قسەکردن لەسەر سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، پەیوەندییەکانی ھەولێر-بەغدا، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەورووبەر و ژمارەیەکی پرسی دیکە کە جێگای بایەخی ھاوبەش بوون، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.