25 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2020
شنگال ــ AA
بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی بەندەکانی نێو رێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدڕالی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە شنگال، ئەمرۆ شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق گەیشتە پارێزگای نەینەوا و دواتر سەردانی لیوای ٩٢ی سوپای عێراق و هێڵی سنووری عێراق لەگەڵ سووریایان کرد.
دوای سەردانی شاندە ئەمنییەکەی عێراق بۆ شنگال، بریارە سبەی پێنجشەممە دەست بە ئۆپەراسیونێکی ھاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و پۆلیسی فیدرال بکرێت و ھێز و چەکدارە نایاساییەکانی سەربە حەشد شەعبی یا ھەر گرووپێکی دیکە چەکەکانیان لێ وەردەگیرێت یا دەبێت شنگال چۆل بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی ئەمنی کە پێکهاتبوو لە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری و فەرماندەی پۆلیسی فیدرال، فەریق روکن جەعفەر بەتات و فەرماندەی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانیی، حەمید شەتری گەیشتنە پارێزگای نەینەوا، بۆ ئەوەی بەپێی راسپاردەکانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی شنگال بکەن.
پێشتر گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو: "لە رۆژانی داھاتوودا بەپێی راسپاردەکانی مستەفا کازمی، بەندەکانی نێو رێککەوتنی شنگال جێبەجێ دەکرێن".
لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.