عێراق

مەسرور بارزانی: "بەهیچ شێوەیەک سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەین"

مەسرور لە گوتەیەکدا کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشی کرد، رایگەیاند، "دواخستنی نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان، پێشینەیەکی مەترسییدارە و پێشێلکردنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستانە".

Sarmand Hameed  | 25.11.2020 - نوێکردنەوە : 28.11.2020
مەسرور بارزانی: "بەهیچ شێوەیەک سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەین"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی و بەهیچ شێوەیەک حکوومەتی هەرێم، سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.

مەسرور لە گوتەیەکدا کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشی کرد، رایگەیاند، "دواخستنی نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان، پێشینەیەکی مەترسییدارە و پێشێلکردنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستانە".

بە گوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی وەزیران، قوباد تاڵەبانی بەڕێوەچوو، دوا پێشهاتەکانی رێڕەوی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، بەتایبەتیش دوای تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان.

لە مبارەیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی داوە و هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بنەڕەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوامیشین لە گفتوگۆ. ئاماژەی بەوەشدا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی و بەهیچ شێوەیەک حکوومەتی هەرێم، سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات. گوتیشی دواخستنی نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان، پێشینەیەکی مەترسییدارە و پێشێلکردنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستانە.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی پێنج و شەش و حەوت و دەی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی رەوای هەرێمی کوردستانە و حکوومەتی فیداڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ـەوە نییە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın