Heman Hussein Yaseen
25 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2023
هەولێر - AA
سەنتەری رۆشنبیریی تورکمان بە مەبەستی ھەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی و سەرۆکی سەنتەرەکە، سێیەمین کۆنگرەی خۆی ساز کرد.
سەرۆکی سەنتەری رۆشنبیریی تورکمان، گەیلان ئاڵتی بەرماغ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەمڕۆ سێیەمین کۆنگرەی سەنتەری رۆشنبیریی تورکمان ئەنجام دەدەین بە مەبەستی ھەڵبژاردنی دەستەی نوێی کارگێڕیی، چونکە بەپێی رێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کە ئاراستەی پارێزگاکان کراوە پێویستە لە میانی ١٨٠ رۆژدا، کۆمەڵە و سەنتەرەکان کۆنگرە ئەنجام بدەن، ئێمەش وەکو یەکەم سەنتەر و تاکە سەنتەری رۆشنبیریی تایبەت بە چالاکییەکانی پێکھاتەی تورکمان، دوای رێنماییەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنگرەی خۆمان ئەنجام دەدەین".
پڕۆسەی ئەنجامدانی کۆنگرەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگای ھەولێر و ئەندامانی سەنتەری رۆشنبیریی تورکمان بەڕێوەچوو کە تیایدا سەرۆکی سەنتەری رۆشنبیریی تورکمان، گەیلان ئاڵتی بەرماغ پێشنیازی کرد کە ناوی سەنتەرەکە بگۆڕدرێت بۆ کۆمەڵەی دیموکراتیی تورکمانی و بەکۆی دەنگ ناوەکەی پەسەند کرا.
دواتر حەوت ئەندام بۆ دەستەی کارگێڕیی ھەڵبژێردران و پاشانیش ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی، گەیلان ئاڵتی بەرماغ-یان وەک سەرۆکی سەنتەرەکە ھەڵبژاردووە.
بەپێی رێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کە ئاراستەی پارێزگاکان کراوە، پێویستە سەنتەر و کۆمەڵەکان لە میانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، کۆنگرەی خۆیان ئەنجام بدەن و دەستەی نوێی کارگێڕیی سەنتەر و کۆمەڵەکان ھەڵبژێرن.