Zana Natık Kerem
25 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی راگەیاند کە پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچیت و نابێت لە دەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکان ھیچ شێواز و فۆڕمۆڵێک بەسەر پێکھاتەکانی کوردستاندا بسەپێندرێت.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازیی کردووە لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا تاوتوێ کراون، ھەروەھا جەخت کراوەتەوە لە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
باسی لەوەش کردووە کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ھەرێم و پرسی ھەڵبژاردن، لەوبارەیەوە مەسعود بارزانی ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ھەڵبژاردن بنەما و پڕەنسیپێکی نەگۆڕە بۆ شەرعییەت و حوکمڕانی، پێویستە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچیت، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ڕەچاوی ئیرادە و بەرژەوەندیی پێکھاتەکان بکرێت و بۆ بابەتی مافەکانیان لە ھەڵبژاردن، نابێت لە دەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکان ھیچ شێواز و فۆڕمۆڵێک بەسەر پێکھاتەکانی کوردستاندا بسەپێندرێت.