Abdullah Abdulmanaf Shukur
06 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران، محەمەد باقر قالیباف کۆبووەوە.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی ٦ی ئابی ٢٠٢١، نێچیرڤان بارزانی ھەر لە بەردەوامیی سەردانەکەیدا بۆ تاران لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران، محەمەد باقر قالیباف کۆبووەتەوە.
کۆبوونەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕێواز فایەق بەڕێوە چوو و تیایدا برەودان بە بوارەکانی پەیوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی ھاوبەش و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە شاندی یاوەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئامادە بوون، ھەروەھا بیروڕایان دەربارەی دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھەردوولا، گۆڕییەوە.