Hamit Hüseyin
12 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2016
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی فەڕەنسا ژان ئێڤ لۆدریان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكھاتبوو لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق مارك بارێتی، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەولێر ئاڵێن گیبڕات و ژمارەیەك راوێژكار و بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی فەڕەنسا.
بەپێی ھەواڵێكی ماڵپەری سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لە دیدارەكەدا، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ھاتنی بۆ كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی نیشان دا و ستاییشی رۆڵ و بوێریی ھێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شكاندنی داعش و ئازادكردنی ناوچەكان و بە تایبەتی ئازادكردنی شنگال لەلایەن پێشمەرگە بە قارەمانانە وەسف كرد كە كاریگەریی زۆری لەسەر رای گشتیی جیھانی و فەڕەنسا جێھێشتووە.
وەزیری بەرگریی فەڕەنسا ئەوەیشی راگەیاند "تیرۆر دوژمنێكی ھاوبەشی ھەموومانە و ئەوانیشی لە ئەورووپا ئازار داوە و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە فەڕەنسا لە تەحەدیات و گرفتەكانی ھەرێمی كوردستان و قەیرانی ئابووری باش تێگەییشتووە و جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی ھەرێمی كوردستان و ھاوكاریكردنی پێشمەرگە و لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیدا بەشدار دەبێت لە شەڕی ئازادكردنی مووسڵ".
لەبەرانبەردا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بە گەرمی بەخێرھاتنی وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە ھاوسۆز و پشتیوانی گەلی كوردستان و پێشمەرگەن، ھەروەھا سوپاسی تیمە سەربازییەكانی فەڕەنسای كرد كە لە مەشق و راھێنان و راوێژدا یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە.
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە گوتەیەكدا باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و پەیوەست بە ھەڕەشەی تیرۆر ھێمای بەوەدا كە رووداوە تیرۆریستییەكانی پاریس و برۆكسل و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان بەڵگەی روونن كە تیرۆر ھەڕەشەیەكە بۆ ھەموو وڵاتان و رووبەڕووبوونەوەیشی ھەوڵێكی ھەمە لایەنەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە و ئەوەیشی خستەڕوو كە جێگەی شانازییە لەسەر دەستی پێشمەرگە ئەفسانەی داعش تێكشكێندرا.
لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵیش بارزانی باسی ئەو تەحەدیات و مەترسیانەی كرد كە لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر خەڵك ھاتووەتە ئاراوە و گوتی:"لەپێناو رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكان و دڵنیایی پێكھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبیی پارێزگای نەینەوا پێویستە رێككەوتن و پلانێكی سیاسیی ورد لەنێوان لایەن و پێكھاتەكاندا ھەبێت".
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا وەزیری بەرگریی فەڕەنسا باسی لەو ھاوكارییانە كرد كە وڵاتەكەی بەنیازە لە داھاتوودا پێشكەشی پێشمەرگەی بكات و ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرۆكی فەڕەنسا لە بارودۆخی مەیدانی شەڕ و تەحەدیاتی ھەرێمی كوردستان و بیروبۆچوونی سەرۆك بارزانی لەبارەی كۆی كێشەكان ئاگادار دەكاتەوە.