Rewa Mahmut Hasan
13 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2016
لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتەکەیدا لەناو پەرلەمانی تورکیا، سەرۆکی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی گوتارێکی پێشکەش کرد و بەتوندی هێرشی کردە سەر چالاکییەکانی پەیەدە لە سووریا و رایگەیاند: "کاتێک پەیەدە نێوانی عەفرین و کۆبانێی کردەوە، چواردەوری جەرابلوس چۆڵ دەکات و دووهەمین هەنگاوی دەنێت بەرەو بنیاتنانی کوردستان. هاوکات هاریکاری کردنی پەیەدە لەلایەن ئەمریکای هاوپەیمانەوە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی تورکیا، کارێکی نەگونجاوە و لەگەڵ یاسای هاوپەیمانیدا یەک ناگرێتەوە".
باخچەلی ئاماژەی بەوەدا کە "پەیەدە خوازیارە هێڵی نێوان عەزاز- جەرابلوس کۆنترۆڵ بکات، هاوکات ئەمریکاش راستەوخۆ پشتگیری دەکات، ئەوکات رێکخراوی تیرۆریستی لە نزیک سنوورەکەمانەوە دەبێتە هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و یەکریزی خاکەکەمان".
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا باخچەلی باسی لە گوتەکانی داودئۆغڵو کرد کاتێک رایگەیاندبوو، 'ئەگەر پەکەکە هەڕەشە لە سەر هەولێر دروست بکات، ئەوا بە هەڕەشە بۆسەر تورکیای لەقەڵەم دەدەین' و لەو باریەوە باخچەلی ئاماژەی بەوەدا کە "یەکێک بڕوا بە سەرۆکوەزیران بکات، وا دەزانێت پەکەکە هەڕەشەی بۆسەر تورکیا دروست نەکردووە، وا دەزانێت ئەو هەواڵانەی باس لە شەهیدبوونی زیاتر لە ٤٠٠ سەرباز دەکەن لە ٢٠ ی تەمموزەوە تائێستا، هەواڵێکی ناراستە".
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا باخچەلی هێرشی کردە سەر بارزانی و گوتی: "بەڕێز داودئۆغڵو، بویتە ( سەرۆک)، بابڵێین لەمە تێدەگەین. چوویتە دیاربەکر، سڵاوت لە کۆبانێ کرد، بابڵێین ئەمەشت دەرخوارد داین، ئەی واتای چییە خۆت دەکەیتە پارێزەری بارزانی کە بکوژی سەربازانمانە، واتای چییە؟ تۆ حەقت چییە بە پاراستنی بارزانییەوە، پێشمەرگە کەی کێشەی تۆیە بیپاریزیت. دەتەوێت چی بەدەست بهێنین لە بڵاوکردنەوەی فیتنە لە تورکیادا. تەسلیم کردنی باکووری سووریا بە پەکەکە و باکووری عێراق بە پێشمەرگە، نازانی بانگهێشتنامەیەکی روون و ئاشکرایە بۆ کوردستانی هەر چوار پارچە و رووخاندنی تورکیا، هێشتا تێنەگەیشتوویت؟"
باخچەلی گوتیشی: "ئەگەر داودئۆغڵو نایزانێت با پێی بڵێم، بارزانی خودی پەکەکە خۆیەتی، مارکەیەکی جوداخوازییە، رووی خوێناوی ناپاکییە، دووژمنێکی تاریکخوازە لە بەرگی دۆستدا. کردنەوەی هێڵی گەشتی فڕۆکە لە نێوان دیاربەکر و هەولێردا، بێ ئاگاییەکی تری سەرۆکوەزیرانە، وەک ئەوانەی تر سیاسەتێکی تری ناتەواوی حکوومەتە".