Heman Hussein Yaseen
06 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2021
ههولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوھەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردووەتەوە و تیاییدا ئاماژەی بەوەکردووە کە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ و سەرلەبەیانیی سبەینێ لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئەگەری تاوەبارانێک ھەیە.
لە راگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان دا ھاتووە: 'ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچە ھەور دەبێت، لە کاتەکانی پاشنیوەڕۆ ئەگەری تاوە باران و برووسکەی پچڕپچڕی کورتخایەن ھەیە''.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەیشکردووە کە ئەگەری بارانبارینەکە زیاتر لە ناوچە شاخاوی و بەتایبەتی سنوورییەکان ھەیە.
ھاوکات ئەوەیشخراوەتەڕوو کە سبەینێ شەممە، لە کاتەکانی بەیانیدا ئەگەری تاوەباران و برووسکەی پچڕپچڕی کورتخایەن ھەیە و ئەگەری ئەوەش زیاتر لە ناوچە شاخاوی و بەتایبەتی سنوورییەکان دەبێت.
سەبارەت بە پێشبینییەکان بۆ کەشوھەوای پارێزگای کەرکووک، ئەوە خراوەتەڕوو، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەھەور دەبێت و سبەینێش بە ھەمان شێوەیە.