Heman Hussein Yaseen
26 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2023
گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، دلشاد شەھاب لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بارەی دیاریکردنی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کە بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە فەرمانی ھەرێمیی ژمارە ٩٠ی ساڵی ٢٠٢٣، رۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەکو رۆژ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دیاریی کردووە.
لە فەرمانە ھەرێمییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پاڵپشت بە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو بڕیارماندا بە ''دیاریکردنی رۆژی ١٨ی ١١ی ٢٠٢٣ وەکو رۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان. گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بە ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە''.
ئەگەرچی دەبووایە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەھۆی کارانەکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی و رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردن، نەتوانرا پڕۆسەکە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکدا بڕیاری درێژکردنەوەکەی تەمەنی خۆی پەسەند کرد.