Rawan Subhi Obaiullah
03 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2024
دھۆک - AA
دوای ١٠ ساڵ لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، ھێشتا ئازاری ئێزدییەکان وەکو برینێک سارێژ نەبووە و ھێشتا لێکەوتەکانی بەردەوامی ھەیە لە وێرانی زێدی ئێزیدییەکانەوە کە شنگالە. تا ئێستا دەستی ئاوەدانی نەگەیشتووە بە ناوچەکە و ئاوەدان نەبووەتەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بە تەواوی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. ئەوە لە پاڵ پرسی بێسەروشوێنبووانی ئێزدی کە تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ ھەزار کەسیان بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی لالش لە دھۆک، سەعید جردۆ لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "١٠ ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال دەربازبوو، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا برینی ئێزدییەکان بە دروستی سارێژ نەبووە، ھەر لە ئاوارەیی دا ماون و نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. ھێشتا شنگال لە ڕەوشێکی نائارامدایە. تا ئێستا ھێزی ناشەرعی لەو شارەدا بوونیان ھەیە. بەردەوام ململانێی سیاسی ھەیە. تا ئێستا قەرەبووی ئاوارەکانی شنگال نەکراوە. دەستوەردانی ھەرێمایەتی لە کاروباری شنگالیش بووەتە ھۆی ئەوەی متمانە لای ئێزدییەکان دروست نەبێت کە بگەڕێنەوە".
ڕۆژی سێی ئابی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکانیان لە ناوچەکەى کرد. لەو ھێرشەدا تیرۆریستان زیاتر لە شەش ھەزار و ٥٠٠ ئافرەت و منداڵی ئێزدییان ڕفاند و زیاتر لە ٣٥٠ ھەزار کەسی دیکەش ئاوارەی کەمپەکانی ناوچەکانی ھەرێم بوون.
سەعید جردۆ نیگەرانی خۆی لەبارەی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان ھەولێر و بەغدا دەربڕی و گوتی: "بەداخەوە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ئێمە دەبینین حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق واژوو کراوە، لێی پاشگەز بووەتەوە. گوشاری ھەرێمایەتی لە سەر حکوومەتی عێراق ھەیە کە ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکات. لێرەدا پێویستە عێراق ھەنگاوی بوێرانە باوێت و پەنا بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندی بڕیار ببات بۆ ئەوەی دۆخی شنگال دووبارە ئاسایی بکرێتەوە".
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، ھەولێر و بەغدا بە چاودێری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالیان واژوو کرد، کە گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بریتییە لە چوونە دەرەوەی ھەموو ھێزە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال و سپاردنی ئاسایشی قەزاکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ھەروەھا دانانی قایمقامێکی نوێ و ئاوەدانکردنەوە و دووبارە گەڕاندنەوە ئاوارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە.
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی لالش پێیوایە، بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەبارەت داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە ھەرێم، بڕیارێکی ھەڵەیە و لەو بارەیەوە گوتی: "تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق ئەو زەمینەی بۆ ئاوارە ئێزدییەکان دروست نەکردووە تا بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. دابەشکردنی چوار ملیۆن دینار وەک یارمەتی بەسەر ئەو ئاوارانەدا نابێتە ھۆی ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، ئێزدییەکان بەم گۆژمەیە ناتوانن یەک ژووری پێ دروست بکەن. دەبوو عێراق ھاوکاری و قەرەبوویەکی باش پێشکەش بە ئاوارەکان بکات".
بەگوتەی سەعید جردۆ ئەو جینۆسایدەی داعش لە سالی ٢٠١٤ دژبە ئێزدییەکان ئەنجامی داوە بووەتە ھۆی ڕۆیشتنی زیاتر لە ١٠٠ھەزار ئێزدی بۆ دەرەوەی وڵات و گوتی: "دوای ڕووداوەکانی شنگال کۆچکردنی ئێزدییەکان بۆ دەرەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و پێویستە دەوڵەت ھۆکارەکان ئەم کوچە دەستنیشان و چارەسەر بکات. یەکێک لە ھۆکارەکان شنگال بووەتە شوێنی کێشە و ململانێی سیاسی و دۆخەکەی ئاسایی ناکرێتەوە. بڕیارەکانی سەبارەت شنگال دەدرێن جێبەجێ ناکرێت. لە عێراق دەستووری عێراق پێشێل دەکرێت، دۆسییەی جینۆسایدی ئێزدی فەرامۆش کراوە".