araz husein
08 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2015
لە لێدوانێكی تایبەتدا بو ئاژانسی ئانادۆڵۆ بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هادی دوبانی رایگەیاند: "زۆرێك لە خاكی شنگال هەتا ئێستا لە دەست داعش رزگار نەكراوە كە پێك دێت لە ناحیەی گرعزێر و تلبەنات و تلقەسەب و سیبا شێخ خدر و حەردان و بە پێی جوگرافیایی شنگال ئەم ناوچانە زیاتر لە 50% خاكی شنگال پێك دێنن".
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان هەروەها گوتی: "ئێمە هیچ زانیارییەكمان لەبارەی كاتی ئازادكردنی ئەم ناوچانە نییە بەڵام داواكارین بە زووترین كات ئەم ناوچانە رزگار بكرێن چونكە شوێنی راستەقینەی ئێزدییەكانن و خەڵكی ئەم ناوچانە زۆرترین قوربانی دەستی تیرۆرن".
لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی كە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان لە شنگال هادی دوبانی گوتی: "زیاتر لە دوو هزار و 600 خێزان گەڕاونەتەوە شوێنی خویان كە زۆرترینیان دانیشتوانی ناحیەی سنوونێ و دەوروبەرن. دیارە ئەگەر هەوڵی جددی بدرێن بۆ ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی خزمەتگوزاری زۆربەی دانیشتوانی شنگال خۆیان لە ژیانی نێو كەمپەكان رزگار دەكەن و دەگەڕێنەوە شوێنی خویان و داواكارین لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئەركی خۆیان هەستن و شنگال ئاوەدان بکەنەوە".
لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕی بەكومەڵ لە شنگال بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان دەڵێت: "لە ئێستادا 18 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراون و پێشبینیش دەكرێت كە 21 گۆڕی تری بەكومەڵ لە و ناوچانەی كە هەتا ئێستا رزگار نەكراون بدۆزرێنەوە" .
بەپێی سەرژمێرییەکی گشتیی كوردەکانی ئێزدی، پێش هاتنی داعش شەشسەد هەتا حەوسەد هزار كوردی ئێزدی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون كە زۆربەیان دانیشتوانی پارێزگەی دهۆك و نەینەوا بوون و دوای هاتنی داعش چوار سەد و 20 هزار كەس لێیان ئاوارە بوون و هزار و دوو سەد و 80 كەسیش لێیان كوژران و هەشت سەد و 40 كەسیش بێسەروشوێن بوون. دوو سەد و 40 كەسیش بەهۆی برسێتییەوە مردوون و پێنچ هزار و هەشت سەد و 38 كەسیش لەلایەن داعش رفێنراون بەڵام هەتا ئێستا دوو هزار و سێ سەد و 7 كەس لەو رفێنراوانە لە دەستی داعش رزگار كراون.