هەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی لەمیانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ١٠ ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان ڕایگەیاند دەبێت پەکەکە و ھەر ھێزێکی دیکەی نایاسایی شنگال جێبھێڵن و ئێزدییەکان خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن، ھەروەھا جەختیشی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٤ نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی، میری ئێزدیان، میرحازم تەحسین بەگ و چەندین کەسایەتی و نوێنەری وڵاتان لە ھەرێم، یادی ١٠ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدیان کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی ھەرێم، نێجیرڤان بارزانی گوتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە کرد کە جینۆسایدی ئێزدییان لە سەردەمی جیھانی مۆدێرن و پێشکەوتندا، شۆکێکی گەورەی باوەڕنەکراو بوو کە تەواوی مرۆڤایەتی لە جیھاندا ھەژاند.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "یادی یەکێک لە تاوانە ھەرە دڕندەکانی مێژوو، کە ئەمڕۆ دوای ١٠ ساڵ، ھێشتا برینێکی کراوەیە و تا ئێستا ھاووڵاتییانی ئێزدیمان بە دەست لێکەوتەکانییەوە دەناڵێنن. یادی تاوانکارییەکی دیکەی ترسناکە کە چووە ریزی کیمیاباران و ئەنفال و ڕاگواستن و زیندەبەچاڵکردن، وێرانکردنەوە، لەم کارەساتەدا زیاتر لە ٥ ھەزار کەس شەھیدبوون کە سەدان کەسیان بەیەکەوە گوللـەباران کران و لە نزیکەی ١٠٠ گۆڕی بە کۆمەڵدا خرانە ژێرخاک، ھەروەھا ڕفاندنی زیاتر لە شەش هەزار و ٤١٧ کچ و ژن و منداڵی ئێزدی و کڕین و فرۆشتنیان لە بازاڕەکاندا کە بەداخەوە هێشتا چارەنووسی دوو هەزار و ٥٩٦ کەسیان نادیارە، وێرانبوونی شنگال و دەوروبەری، دەربەدەربوونی سەدان ھەزار خەڵکی شنگال و ناوچەکە، ئازار و حەسرەتی ھەموو ئەمانە، نە لە ١٠ ساڵدا، ھەتاھەتایە لەبیر ناکرێن".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "جینۆسایدی ئێزدییان لە سەردەمی جیھانی مۆدێرن و پێشکەوتندا، شۆکێکی گەورەی باوەڕنەکراو بوو کە تەواوی مرۆڤایەتی لە جیھاندا ھەژاند. بووە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوو کە دەبووایە زۆر جددیتر ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت و ھەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێکەوە کار بکات بۆ ئەوەی ھەرگیز لە شوێنێکی دیکە ئەم تاوانە دووبارە نەکرێتەوە. ھەموو ھەوڵێک بخرێتە گەڕ بۆ ئەوەی تاوانکاران بە سزای خۆیان بگەن، دادپەروەری بۆ قوربانییان جێبەجێ ببێت و بە ھەموو شێوەیەک قوربانییان قەرەبوو بکرێنەوە".
سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵی هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق کرد بۆ یارمەتیدان و هاوکارییکردنی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان و گوتی: "ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان و لە عێراق بۆ خزمەتی ئێزدییان کراوە لە دانانی یاسای (ڕزگاربووانی ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکە لە مەسیحی و تورکمان و شەبەک)، بڕینەوەی یارمەتیی مانگانە لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و ھەروەھا پشتیوانی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کە بۆ یارمەتیدانی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال و چەندین ھەنگاوی دیکەش، جێی رێز و پێزانین و دەستخۆشین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ھیچێک لەوانە بەس نین و ھێشتا زۆر ماوە کە دەبێت بۆ ئێزدییان بکرێت".
نێچیرڤان بارزانی دڵنیاییدایە ئێزدییەکان بەوەی کار دەکەن بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ڕفێندراوەکان و لەمبارەیەوە گوتی: "ھەموو خوشک و برایانی ئێزدی دڵنیا دەکەینەوە ھەتا تاقە ڕفێندراوێک مابێت، کاری تیمەکانی نووسینگە بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی بەردەوام دەبێت. بە ھەزاران قوربانی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پێویستییان بە چارەسەری دەروونی و چاودێریی تایبەتی ھەیە، دەبێت بۆیان مسۆگەر بکرێت و یارمەتییان بدرێت و بگەڕێندرێنەوە سەر ژیانی ئاسایی. شنگال و دەوروبەری، پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و مسۆگەرکردنی ئارامی و سەقامگیرییە. بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری بکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخەکەی".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەشکردەوە کە دەبێت شنگالییەکان کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن و ئاماژەی بە دەرچوونی تیرۆریستانی پەکەکە و هێزە نایاساییەکانی دیکەی نێو شنگال کرد و گوتی: "پێویستە خزمەتکردنی خەڵکی شنگال و پێکھاتەی ئێزدی، کاری لەپێشینەی ھەموومان بێت. ھەموو پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی چیتر شنگال و ئێزدی نەبنە گیرۆدەی ئەجێندای حزبی و سیاسی و بارمتەی دەستی ھاوکێشە و ھێزە ناوچەیییەکان. شنگالییەکان دەبێت خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن و چیتر دیلی دەستی ھێزەکانی دەرەوەی سنوور نەبن. بۆیە پەکەکە و ھەر ھێزێکی نایاسایی، دەبێت شنگال بەجێبھێڵن تاوەکو ھەمووان پێکەوە بتوانن ئاسایش، ژیان، ئاوەدانی، ئومێد و ھیوا بگێڕینەوە بۆ شنگال. لە عێراقی فرەئایین و نەتەوەدا، بوونی کارای دامەزراوەکان و جێبەجێکردنی دەستوور، گەرەنتیی پاراستنی ھەموو پێکھاتەکان و ماف و ئێستا و داھاتوویانە. کلیلی ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵاتە، بۆیە دەبێت ھەموومان کار بکەین بۆ جێبەجێکردنی دەستووری ھەمیشەیی عێراق".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە ژیاندۆستی و یەکترقبوڵکردن کرد و گوتی: "ئێزدیاتی، ئایینی ژیاندۆستی، مرۆڤدۆستی و یەکترقبووڵکردنە، کێشەی لەگەڵ ھیچ ئایین و باوەڕێکی دیکەدا نییە. ئێزدی بە سرووشتی خۆیان خەڵکێکن زۆر حەز دەکەن بە خۆشی و ئاشتییانە لەگەڵ دەوروبەردا بژین، بۆیە کۆمەڵگەیەکی تا بڵێی حەز بە ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریین. لەگەڵ وڵات و گەل و دەر و دراوسێدا زۆر دڵسۆز و مرۆڤپەروەرن، بۆیە ئێزدی بنەمایەکی گرنگی کولتووری دەوڵەمەندی فرەیی و پێکەوەژیان و لێبوردەیین لە کۆمەڵگەدا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە زانکۆکان کرد کە دەرفەتێک بڕەخسێنن بۆ ئەوەی توێژینەوەی زانستی بکرێت لەوەی کە ئێزدییەکان چۆن ئایین و کولتوور و نەریتی خۆیان پاراستووە و گوتیشی: "جگە لەو ھەموو ئەرکانەی دەکەوێتە سەر شانی حکوومەت و لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەکان بۆ خزمەتکردنی ئێزدییان، دەمەوێت ئاماژە بەو ڕۆڵە گرنگەش بکەم کە زانکۆکان دەتوانن بیگێڕن. زۆر گرنگە دامەزراوە ئەکادیمییەکانمان توێژینەوەی زانستی و تێزی ئەکادیمی بە زمانی جیاواز تەرخان بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ئێزدییەکان کە چۆن ئایین و کولتوور و نەریت و زمانی خۆیان پاراستووە؟، بۆیە داوا لە زانکۆکانمان دەکەم بەشێک لە تێزی ماستەرنامە و دکتۆراکانیان بۆ پرسی ئێزدییان تەرخان بکەن کە ھەموو کایەکانی ژیانیان لەخۆ بگرێت. بەم کارە سەکۆیەک بۆ ئێزدییان دەڕەخسێنین بۆ دەربڕین و بەرگریکردن لە کەیسەکەیان، ھەروەھا بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و میراتیان، تا ببێتە سەرچاوەیەکی بەڵگەنامە و دیکۆمێنت و لە سەرچاوە جیھانییەکاندا".
لە کۆتاییدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی فڕۆکەوانێکی عێراقی بەرزنرخاند کە لەمیانی یارمەتیدانی لێقەوماوان گیانی لەدەستدابوو، لەمبارەیەوە گوتی: "سڵاو لە یاد و گیانی پاکی جەنەراڵی فڕۆکەوانی عێراقی ماجد عەبدولسەلام تەمیمی کە لە کاتی یارمەتیدانی لێقەوماوانی شنگالدا گیانی لەدەستدا و شەھید بوو.
جێی ئاماژەیە بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، تا ئێستا سێ ھەزار و ٥٧٩ ڕفێندراو ڕزگارکراون کە بریتیین لە، ھەزار و ٢١٠ ژن و ٣٣٩ پیاو، ھەزار و ٧٠ منداڵی مێ و ٩٦٠ منداڵی نێر، جگە لەوەی تەرمی ٢٤٢ ڕفێندراو لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دۆزراونەتەوە و تا ئێستاش دوو ھەزار و ٥٩٦ کەس بێ سەروشوێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش پەلاماری قەزای شنگالیاندا و بەهۆیەوە بە ھەزاران ژن و منداڵی ناوچەکەیان ڕفاند و ژمارەیەکی زۆریشیان جینۆساید کرد، هاوکات لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ توانرا شنگال لەدەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکرێت و دواتریش لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ڕێککەوتنێک لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژوو کرا و تا ئێستا ڕێککەوتنەکە نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە دانیشتنێکی تایبەتدا، ئەو ڕۆژەی وەک جینۆساید ناساند، ئەمەش لە پێناو دابینکردنی ماف و ئیمتیازات و قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان.
news_share_descriptionsubscription_contact

