Sarmand Hameed
11 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2020
سەرکۆماری عیراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ھەلومەرجی سیاسی و ھەنگاوەکانی دوای پێکھێنانی حکوومەتی عیراق و پێویستیی چارەسەرکردنی قەیرانەکانیان تاوتوێ کرد.
لە دیدارەکەدا کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچووە، باس لە پێشھاتە سیاسییەکانی عیراق کراوە و ھەردوولا بە گرنگییەوە جەختیان لە پێویستیی چارەسەرکردنی قەیران و ناکۆکییەکان کردووەتەوە بە ئاراستەی ھێنانەکایەی ئارامی و ئاوڕدانەوە لە ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییانی سەرجەم ناوچەکان بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی ھاوبەشی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بە بایەخەوە باس لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی کراوە و ھەردوو سەرۆک داکۆکییان لە پشتیوانی و ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا کردووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و کارکردن بۆ دابینکردنی گوزەران و تەندروستیی ھاووڵاتییان، ھەروەھا لەپێناو تێکشکاندنی پاشماوەکانی تیرۆر و سەقامگیریی ئەمنی لە ھەموو ناوچەکانی عیراقدا، وێڕای چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور، بەتایبەتیش یەکلاکردنەوەی پرسی بوودجە و مووچەی فەرمانبەران.
ھەر لەو دیدارەدا باس لە پێویستیی یەکڕیزی و خاوکردنەوەی گرژییەکان لە عێراق کراوە بە شێوەیەک کە ھەموو ھێز و تواناکان بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و بژێویی خەڵک و ئەنجامدانی چاکسازیی بنەڕەتی تەرخان بکرێن و لەبری ناکۆکی و ململانێی تەسک، بەگوێرەی دەستوور خزمەتی خەڵک و داخوازیەکانیان بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەختیان لە یەکڕیزی و تەبایی لە ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بە جۆرێک ھەموو لایەنەکان دوور لە گرژی و ئاڵۆزی، تواناکانیان بۆ بەدەنگەوەھاتنی پێویستیی ھاووڵاتییان و دابینکردنی بژێویان و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، تەرخان بکەن.