Heman Hussein Yaseen
11 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2020
ههولێر - AA
وهزیری گواستنهوه و گهیاندنی ههرێمی كوردستان، ئانۆ جهوههر عەبدۆکا رایگەیاند، دوای راوێژکردن لەگەڵ هەردوو وەزیری ناوخۆ و تەندروستی، سیستەمی کارکردنی تاکسیی بەشێوەی تاک و جووت ھەڵوەشاوەتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمڕۆ رێنمایی تایبەت بە ھاتوچۆی نێوان شارەکان دەردەچێت.
ئانۆ جەوھەر عەبدۆکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: ''دوای راوێژکردن لەگەڵ هەردوو وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی، بڕیارماندا بە ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کارکردنی تاک و جووت بۆ تاکسی و ئاساییکردنەوەی کارەکانییان بەپێی مەرجەکانی خۆپارێزی تەندروستیی، ھەروەھا دەستبەکاربوونی کارەکانی پاس و مینی پاس لە ھەرێمی کوردستان بەپێی مەرجەکانی خۆپارێزی تەندروستی''.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەبارەت بە کەمکردنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان کە ماوەی چەند رۆژە قسەی لەسەر دەکرێت، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوھەر عەبدۆکا گوتی: ''ئەمە ھەڕەشەیەکی ناڕەوایە و پێکھاتەکان بەشێکی راستەقینەن لە خەڵکی کوردستان، ھەموومان پێکھاتەین و ھەر کەسێک لەناو پەرلەمان بێت یان دەرەوەی پەرلەمان ئازادە کە دەنگ بە کێ دەدات، ئەم ئەقڵیەتە خراپە کە پێیان وایە ئێمە لەژێر سێبەری سیاسیی دیکەین، ئێمە بڕیاری سیاسیی خۆمان ھەیە و ھەر کاتێک پێمان باشە بڕیارێک بدەین و کەسیش بۆی نییە ببێتە دەمڕاستی پێکھاتەکان''.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیش، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە تا ٢٢ی ئایار گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراقییەوە راگیراوە.