Rawan Subhi Obaiullah
02 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2024
دھۆک - AA
لە سەرەتای رێوڕەسمەکە لەلایەن کەسوکاری قوربانیانی کارەساتی شنگال مۆم بۆ گیانی قوربانيان ھەڵکرا و دواتر دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی ئێزدیيەكان و تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە یادەوەریـیەکانی خەڵکی شنگالدا پێشکەشکرا و بەیاننامەی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە دھۆک و بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم خوێندراوەیە، دواتر چەند شیعرێک لە سەر ئەو ئازارانەی ئێزدییەکان کە لە سەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بینیووە پێشکەش کران.

سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، سەعید جردۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ھەر ساڵ یادی کارەساتی شنگال دەکەینەوە، ئێمە لە بەیاننامەی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی چەندین داواکاریی کۆمەڵگای ئێزدی پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کرد لەوانە حکوومەتی عێراق کە کارئاسانی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتيی بکات بۆ ئەوەی کەیسی ئێزدییەکان یەکلابکرێتەوە و کەسوکاری قوربانییەکانی دەستی داعش قەرەبوو بکرێنەوە و تاوانبارەکان سزا بدرێن، ھەروەھا داوامان کرد رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کە لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق پێش چوار ساڵ واژوو کراوە جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، چونکە چەند گرووپی جیاوازی چەکداری لە شنگال بوونیان ھەبێت و دۆخی شنگال ئاسایی نەکڕێتەوە، ئاوارەی ناو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ناگەڕێنەوە".
رۆژی ١٠-١٠-٢٠٢٠ حکوومەتی عێراق و ھەرێم، لە پێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال رێککەوتنێکیان واژۆکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان، ناڤسەر نوری عەبدال لە لێداونێکی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ چارەسەرکردنی دۆخی شنگال و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری کارەساتەکە، داواکاریمان ئەوەیە عێراق ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێونەتەوەیی، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ عێراق بوو ئەندام، بەڵام دوای دوو ھەفتە خۆی کشاندەوە، ئەگەر عێراق ببێتە ئەندام لەم دادگایە، کارئاسانکاری بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دروست دەبێت بۆ ئەوەی کەسوکاری جینوسایدی شنگال و ھەروەھا کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و جینوسایدی بارزانییەکان قەرەبوو بکرێنەوە، کە سەرەرای ئەوەی عێراق دانپێدان بەم کۆمەڵکۆژییانە کردووە، بەڵام کەسوکاریان قەرەبوو نەکراونەتەوە ھەروەھا داواکارین گرووپ و میلیشیای چەکداری جۆراوجۆر لە شنگال دەربکرێن بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوەکان بتوانین دەست بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بکەین".
رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکانیان لە ناوچەکە کرد. لەو ھێرشەدا تیرۆریستان زیاتر لە شەش ھەزار و ٥٠٠ ئافرەت ومنداڵی ئێزدییان رفاند و زیاتر لە ٣٥٠ ھەزار کەسی دیکەش ئاوارەی کەمپەکانی ناوچەکانی ھەرێم بوون.