Selman Tür,Muhammet Ali Kemal,Ramal Abdullah Mahmood
14 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2017
باتمان- AA
ئەو دایکە ئێزدییانەی بە هۆی هێرشی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بۆسەر شنگال، لە شارۆچکەکە هەڵاتوون و روویان لە شاری باتمانی تورکیا کردووە لە حەسرەتی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و رۆڵەکانیاندا کە لێیان دوورن ژیان بەسەر دەبەن.MKU
نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر و لە ئەنجامی هێرشی داعش ئەو خێزانە ئێزدییانە شنگال جێدەهێڵن و پەنا دەبەنە بەر تورکیا، دواتر لە گوندی ئوغورجای سەربە شارۆچکەی بەشیریی پارێزگای باتمان دەگیرسێنەوە و لەو ساتەوە تا ئێستاش لە حەسرەتی شادبوونەوە بە ئازیزانیاندا ژیان دەگوزەرێنن.
ئەو خێزانانە کە هیچ هەواڵێکی منداڵەکانیان نازانن، رۆژی دایکان لە لای ئەوان هیچ تامێکی نییە.
مەردین عەلیای تەمەن ٦٥ ساڵ کە دایکی شەش منداڵە و کچەکانی لە لایەن تیرۆریستەکانەوە رفێنراون، ئاماژەی بەوەکرد بە هۆی هێرشەکانەوە، بێ ئەوەی بتوانن هیچ لەگەڵ خۆیاندا بهێنن هەڵاتوون و ماوەی سێ ساڵە هیچ هەواڵێکی لەو ٥ منداڵەی نییە کە لە شنگال بە جێماون.
مەردین عالیە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر بیری منداڵەکانی دەکات و دەڵێت بیری "شنگال" دەکەین، ناتوانین بڕۆین، ئەوەی دەچێت، دەیکوژن. شەش منداڵم هەبوو، یەکێکیان لەگەڵم هات. ئەوانەی تر نازانم لە کوێن. نازانم مردوون یان ماون.
خەزال خەلەف ٦٣ ساڵ خاوەنی ١٤ منداڵە بە شەش منداڵەوە پەنای بۆ تورکیا بردووە و ئێستا لەوێ دەمێنێتەوە ، شەش کچی لە شنگال ماوەتەوە، دوو منداڵی تریشی چوونەتە وڵاتانی تر.
ئەو بەم شێوەیە باسی خۆیان دەکات: "هەندێکمان کوژران. ئێمە گریاین، تورکیا دەرگای بۆ کردینەوە. منداڵ و براو خزمەکانم لە شنگال مانەوە. ئەوێ خاکی ئێمەیە. بێ خاک ماینەوە. ماڵ و منداڵمان لە دەستی زاڵماندایە. ئەم ئازارە لەیاد ناکەین. تا دەمرین بەم ئازارەوە دەناڵێنین".
خەلەف گوتی: "تاکە داواکاریم لە خوا ئەوەیە بە وڵاتەکەم شادببمەوە. تامەرزۆیی بینینەوەی کۆرپەکانت لە مردن سەختترە. هەلا هەلا بووین. ئاواتم ئەوەیە چی زووە بە یەکتر شادبینەوە".
کۆچەر موراد کە دایکی حەوت منداڵە، گوتی: "تورکیا باوەشی بۆ ئێمە کردەوە. منداڵەکانم هەر یەکەیان لە شوێنێکە. حەزم دەکرد منداڵەکانم هاتبان و ئەمڕۆم لێ پیرۆز بکەن بەڵام بە داخەوە ئەمە نەکرا. پێنج کچم لێم دابڕاون زۆرم حەز دەکرد بێن و بڵین 'رۆژی دایکت پیرۆز بێت'. کوڕێکم لە یۆنانە ئەوەکەی دیکەش چووەتە ئەڵمانیا. ئاواتم ئەوەیە چی زووە پێیان شادببمەوە".
نەهلا عیدۆش ئاماژەی بەوەدا کە بە هۆی هێرشەکانی تیرۆریستیانەوە هەڵاتوون و، گوتی: "هەموو شتێکمان بە جێهێشت و رامان کرد. زۆر بیری دایک و باوک و خوشک و براکانم کردووە. سێ ساڵە دایکمم نەبینیووە. لەبەرئەمە لە رۆژی دایکدا تەنها دەگریم. زۆر بیری ئەوانم کردووە".