Zana Natık Kerem
09 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایەق زێدان گەیشتە ئێران و لە میانیدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دادوەریی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فایەق زێدان بە یاوەری شاندێکی باڵای دادوەریی لەسەر بانگھێشتی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، غولام حوسێن موحسنی ئێژەیی گەیشتووەتە ئێران.
راشیگەیاندووە کە فایەق زێدان بە گەیشتنی بۆ تاران، لەلایەن ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دادوەریی ئێران پێشوازیی لێکراوە.
چاوەڕان دەکرێت سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایەق زێدان لە میانی سەردانەکەی بۆ ئێران، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دادوەریی ئێران ئەنجام بدات.
ئەمەیش لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا، شاندێکی دادوەریی ئێران سەردانی بەغدای کردبوو کە لە میانیدا دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق، فایەق زێدان تاوتوێ کرد.
لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.
لە حەوتی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوون لە دۆسیەی کوژرانی ئەبو موھەندس و قاسم سولەیمانی رایگەیاندبوو کە لەسەر بنەمای ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەرکراوە.