Zana Natık Kerem
09 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە تیرۆر بۆ پارەدارکردنی کردەکانی پشت بە داھاتی ماددەی ھۆشبەر دەبەستێت و ئاماژەی بەوەیشدا کە ماددەی ھۆشبەر و تیرۆر، دووڕووی یەک تاوانن".
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە گوتارێکدا کە لە یەکەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر پێشکەشی کردووە رایگەیاندووە، پرسی ماددەی ھۆشبەر ھەڕەشە لە سەرجەم کۆمەڵگاکان دەکات، ھەروەھا بووەتە مەترسی و ھەڕەشە بۆسەر وڵاتان.
گوتیشی: "شەڕی ئێمە لەگەڵ ماددەی ھۆشبەر، ھیچ لە گرنگی و مەترسی لەشەڕی ئێمە دژبە تیرۆر کەمتر نییە، ھەروەھا ھیچ کاتێک لەسەر ئاستی یاسایی و کۆمەڵایەتیی لە بەرنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر کەم تەرخەمی ناکەین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق وەک ھەڕەشەی ئەمنیی و تیرۆر، مامەڵە لەگەڵ بازرگانانی ماددەی ھۆشبەردا دەکەن.
سوودانی ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە یاسای ژمارە ٥٠ بۆ ساڵی ٢٠١٧ تایبەت بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەرکراوە و گوتی: "لەچوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر، ژمارەیەک بنکەی تایبەتمان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵودەبووان بە ماددەی ھۆشبەر دامەزراندووە".
محەمەد شیاع سوودانی راشیگەیاندووە لە سایەی پلانی ستراتیجیی نیشتمانیی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٥ دانراوە، ھەوڵەکانیان بە ئامانجی نەھێشتنی ماددەی ھۆشبەر لە عێراق خستووەتە گەڕ.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی داوایشی لە دامەزراوە ئایینی و رۆشنبیرییەکان، ھەروەھا میدیاکان کرد کە رۆڵی گرنگی خۆیان بگێرن بۆ ھۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی ماددەی ھۆشبەر و گوتی: " کەمتەرخەمی ناکەین لە ھەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر".
سودانی ئاماژەی بەوەیشداوە کە تیرۆر لە یەکێک لە پارەدارکردنی کردەکانی پشت بە داھاتی ماددەی ھۆشبەر دەبەستێت و گوتی: "ماددەی ھۆشبەر و تیرۆر، دووڕووی یەک تاوانن".
محەمەد شیاع سوودانی راشیگەیاندووە کە لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەمووان رووبەڕووی چەندین تۆڕی بازرگانیی ماددەی ھۆشبەر بوونەتەوە، بۆیە پێویستە لەڕیگای ئاڵۆگوڕی زانیارییەوە، ھاریکاریی و هەماهەنگیی هەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی و ھەرێمیی، بە ئامانجی لەناوبردنی ئەو تۆڕانە.