جيهان, عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پرسەکانی ئابووری و دەرفەتی وەبەرھێنانیان تاوتوێ کرد

- سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند کە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی، نەخشە ڕیگایەکە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی داھاتووی نێوان عێراق و ئەمریکا.

Zana Natık Kerem  | 15.04.2024 - نوێکردنەوە : 16.04.2024
سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پرسەکانی ئابووری و دەرفەتی وەبەرھێنانیان تاوتوێ کرد

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی، نەخشە ڕیگایەکە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی داھاتووی نێوان عێراق و ئەمریکا.

محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە کۆبوونەوەکەی محەمەد شیاع سوودانی وئەنتۆنی بلینکن باس لە ھەوڵەکان کراوە بۆ دانانی بناغەکانی پەیوەندییە ھاوبەشە درێژخایەنەکان، كاراكردنەوەی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی و كارەكانی لیژنەی باڵای ھەماھەنگی ھاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا.

باسی لەوەشکردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پرسەکانی ئابووری و دەرفەتی وەبەرھێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق، بە تایبەتی لە بواری وزەدا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا فراوانکردنی کاری ھاوبەش لەگەڵ کەرتی تایبەتی عێراق لە بوارە گرنگەکانی بازاڕی عێراق و ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە ئاستە جیا جیاکاندا، تاوتوێ کراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بە لێکتێگەیشتنە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن کردووە و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی، نەخشە ڕیگایەکە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی داھاتووی نێوان عێراق و ئەمریکا.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە شەڕی غەززە کراوە و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق ھەڵوێستێکی ڕوونی بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی سەر غەززە ھەیە و جەختی کردووەتە لەسەر بەرپرسیارێتی ھاوبەشی یاسایی و ئەخلاقی بۆ پاراستنی ھاووڵاتیانی مەدەنی لە غەززە و بە گرنگی زانیوە کە ڕێگری بکرێت لە فراوانبوونی شەڕی غەززە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بەسەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ واشنتۆن، ھەروەھا پاڵپشتى ئەمریکای بۆ ھەڵوێستەکانی عێراق لە ناوچەکە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە پاڵپشتی لە بوونی عێراقێکی بەھێز و دیموکراتی دەکەن.

باسی لەوەشکردەوە کە ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمریکا پاڵپشتی لە ھەوڵەکان بۆ سەقامگیری سەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا ھەنگاوەکانی عێراق بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا، ھەروەھا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا پاڵپشتی لە ھەنگاوەکانی عێراق دەکات بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدان و چاکسازی بە ئاراستەی وەبەرھێنان لە غاز و پەرەپێدان بە کەرتی وزە و ژێرخان و ئومێدی کردەوە کە ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، ببێتە مایەی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın