سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت
- سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت کە لە میانیدا ژمارەیەک پرسی گرنگ لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە، جۆ بایدن تاوتوێ دەکات.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەمەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی گرنگ بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سوودانی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەغدای پایتەختی بەجێھێشتووە و بەسەردانێکی فەرمی بەرەو ئەمریكا بەڕێکەوتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، وردەکاری زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا نەخراوەتەڕوو.
ڕۆژی دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا لە کۆشکی سپیی لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە، جۆ بایدن کۆدەێتەوە و ژمارەیەک پرسی گرنگ تاتوێ دەکەن، لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، ئەرکی داهاتووی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، دۆخی ئابووریی عێراق و پرسی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی، نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی شاندی حکوومەتی عێراق لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، بەشدار دەبن.