Zana Natık Kerem
08 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 08 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد رەزا سەردانی پارێزگای دھۆک-ی کرد و لە میانیدا لەگەڵ پارێزگاری دھۆک، عەلی تەتەر ناردنی ھێزی پشتیوانی لەلایەن ھێزەکانی فیدراڵییەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەڕووی ئەمنییەوە بەرەوڕووی گرژیی و ئاڵۆزیی بوونەتەوە تاوتوێ کرد ئەوەیش بە ئامانجی کۆتایی ھێنان بە بوونی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە ناوچەکە.
شاندەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری دھۆک، عەلی تەتەر سەردانی ئەو ناوچە سنوورییەیان کرد کە تیایدا رۆژی شەممەی رابردوو لە ئەنجامی پەلاماردانی ھێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن تیرۆریستانی پەکەکەوە، پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا.
دواتر سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد رەزا و پارێزگاری دھۆک، عەلی تەتەر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد.
عەلی تەتەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە بوونی پەکەکە لە ناوچەکەدا، نایاساییە و پێویستە خاکی ھەرێم جێبھێڵن و گوتی:
"ھەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە یان سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان لەنێویاندا ھێزەکانی فیدراڵی، بە کردەی تیرۆریستی ھەژمار دەکرێت".
لای خۆیەوە محەمەد رەزا رایگەیاند کە پێویستە ژمارەی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ناوچە سنوورییەکاندا، زیاد بکرێن و گوتی:
"دەبێت ھێزی فیدراڵی زیاتر رەوانەی ناوچە سنوورییەکان بکرێت، ئەوەیش بە ئامانجی کۆتایی ھێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان و پاراستنی گیان و ماڵی ھاووڵاتییان".
رۆژی شەممەی رابردوو، ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی مەتینا لە سنووری قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دھۆک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە پەلاماردران و لە ئاکامدا، پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و حەوتی دیکەیش برینداربوون.