26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2020
هەولێر ــ AA
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا رایگەیاند كە لە میانی ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەكاندا، 13 چەكداری سەربە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە باشووری شاری مووسڵ باكووری عێراق كوژراون و 23ی دیكەیش دەستگیركراون.
لەمبارەیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، فەریق روكن ئیسماعیل مەحلاوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە هێزێكی هاوبەش بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێكیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە باشووری مووسڵ ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەیش دا، ئۆپەراسیۆنەكە دوای ئەوە ئەنجامدرا کە زانیاری بە دەست بە هێزە ئەمنییەكان گەیشتبوو لەوەی ژمارەیەك تیرۆریست دزەیان كردووەتە ناو ناوچەكانی باشووری مووسڵ.
بە گوتەی فەریق روكن ئیسماعیل مەحلاوی لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، 13 چەكداری داعش كوژراون و 23ی دیكەیش دەستگیركراون، هەروەها سێ تونێل و دوو حەشارگەی چەك و تەقەمەنی چەكدارانی داعش خاپووكراون.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، فەریق روكن ئیسماعیل مەحلاوی ئاماژەی بەوەیش دا كە تیرۆریستە دەستگیركراوەكان بە ئامانجی لێكۆڵینەوە براون بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا.
ئیسماعیل مەحلاوی باسی لەوەیش كرد کە لە رۆژانی داهاتوودا، ئۆپەراسیۆنی نوێ دژبە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی دیكەی باشوور و رۆژئاوای مووسڵ ئەنجام دەدرێت.