30 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند دید و ستراتیجییەكی تەواویان هەیە بۆ رێكخستنەوە و بڵاوكردنەوەی هێزی ئەمنیی زیاتر لە ناوچەكانی عێراق بە ئامانجی ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "پرۆسەی دووبارە رێكخستنەوە و بڵاوكردنەوەی هێزی ئەمنیی زیاتر لە ناوچەكانی عێراق، لەگەڵ ئەو پلانەی كە لەلایەن ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە بە ئامانجی گەمارۆدانی تیرۆریستانی داعش داندراوە، هەروەها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە حەشدی شەعبی بۆ راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە ئەمجامیداوە، بەشێوەیەكی بەرچاو ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاكە بەرقەراربووە".
ئەو گوتیشی: "بەردەوام ئۆپەراسیۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی دیالە، ئەنبار، سەڵاحەددین ئەنجام دەدرێن كە ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنانە ریشەكێشەكردنی شانە نووستووەكانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانە بەرقەرار بێت".
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی گوتیشی: "لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی دید و ستراتیجییەكی تەواومان هەیە بۆ رێكخستنەوە و بڵاوكردنەوەی هێزی ئەمنیی زیاتر لە ناوچەكانی عێراق بە ئامانجی ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش".
پێشتر فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی فەرمانی بە هێزە ئەمنییەكان کردبوو كە لە ئۆپەراسیۆنەكانیاندا بە ئامانجی ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی عێراق بەردەوام بن.
دوێنێ دووشەممە لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاندبوو كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، سێزدە ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی راوەدوونان و ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق ئەنجامداوە.